دوای پێنج مانگ رێگەی ملەی تەتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای نزیکەی پێنج مانگ داخرانی بەهۆی بارینی بەفرەوە، رێگەی ملەی تەتە لە نێوان شارەکانی پاوە لە پارێزگای کرماشان و سەوڵاوا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە.
 
شەهرام کەهریزی، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان، چوارشەممە 24-04-2024 رایگەیاند، رێگەی ملەی تەتە دوای پێنج مانگ لە داخرانی، لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانی شاری پاوەوە کرایەوە.
 
بەهۆی بارینی بەفری زۆر و سەختیی ناوچەکە، هەروەها مەترسیی رەنوە بەفر، رێگەکە لە سەرەتای وەرزی زستانەوە دادەخرێت. بارستایی بەفر لە هەندێک شوێن دەگاتە هەشت مەتر، کردنەوەی رێگەکە ئەستەم دەبێت و تاوەکوو بەهار بەداخراوی دەمێنێتەوە.
 
ملەی تەتە پارێزگاکانی سنە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە و لەنێوان شارەکانی پاوە و سەوڵاوا هەڵکەوتووە، ساڵانە بەفری زۆری لێ دەبارێت و بەو هۆیەوە هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا دادەخرێت و لە وەرزی بەهاردا دەکرێتەوە.
 
چوار کیلۆمەتری رێگەی ملەی تەتە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سنە و 17 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.