چوار چەکدار لە کەرکووک هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک؛ لە 13 خولەکدا زێڕ، دۆلار و دینارەکانیان دەدزن

رووداو دیجیتاڵ

درەنگانی شەو، چوار چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە گەڕەکی واستی کەرکووک، لە کامێرای چاودێرییەوە دەردەکەوێت چەکدارەکان دەموچاوی خۆیان پێچاوە.
 
ماڵەکە لە نەتەوەی تورکمانن. ئەندامانی خێزانەکە هێشتا شۆکی رووداوەکەن. جگە لە لێدان و سووکایەتیکردن پێیان، بڕێکی زۆر پارە و زێڕیان لێ دزراوە.
 
محەممەد خاوەنی ماڵەکەیە و دەڵێ چەکدارەکان بە ناوی هێزی ئەمنییەوە چوونەتە سەریان و گوتوویانە هێزی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرن و 'دەبێ ماڵەکەتان بپشکنین.'
 
محەممەد شەوکەت بەمشێوەیە چیرۆکەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە 'پەنجەرەیان شکاند و هاتنە سەرمان، بە دەمانچەوە هاتن و لەیزەریان لە چاوم دا، بینیم دوو کەس لەنێو ماڵەکەدان."
 
'گوتم فەرموو، گوتیان 'ئێمە هێزی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرین.' گوتی 'لەژێر سیسەمەکەتاندا ماددەی هۆشبەر هەیە، وەرە لایبدە.' هەڵسام لایدەم گوتی 'نەخێر، با خێزانت بێت.' دواتر قاسەکەی بینی و گوتی 'با خێزانت کلیلەکەی بهێنێ.' ئیدی بەتاڵیانکرد، زێڕ و 60 هەزار دۆلار و 10 ملیۆن دیناریان برد." محەممەد بەمشێوەیە چیرۆکەکەی گێڕایەوە.
 
گوڵشەن خەلیل، هاوسەری محەممەد دەڵێ "یەکێک لەگەڵم هات، پیاوەکەمیان بە زەبری چەک هەڵساند، دواتر کچەکەشمیان هەڵساند، ئێمەیان لە هۆڵەکە دانا. یەکێکیان گوتی 'ئێمە هێزی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرین،  ئێستا هێزێکی دیکەش دێن،' گوتیان 'ئێوە ماددەی هۆشبەرتان شاردووەتەوە.' ئێمە گوتمان شتی وا نییە.''
 
چەکدارەکان جگە لە دزیکردن و پەلاماردانی ئەندامانی خێزانەکە، تەواوی ماڵەکەیان بەسەر یەکدا داوە، دەرگە و جامیان شکاندووە و، بە چەقۆ تایەی ئۆتۆمبێلەکەشیان تەقاندووە، لەکاتی رۆیشتن سەرجەم مۆبایلەکانیشیان دزیون.
 
حەسەن عیزەدین، کەسوکاری ماڵەکە بە رووداوی گوت "تەواوی پرۆسەکە 13 خولەکی خایاند. ئەنجامدەران ئەزموونێکی زۆریان هەبوو، دزی دەرەجە یەک بوون. یەکێکیان لە دەرگای پشتەوە هات، تاهۆکەیان لێرە راگرتبوو، یەکێکیان لە دەرگای پارکەکەوە دێت و بانگیان دەکات، سیانیان دەچنە ژوورەوە."
 
پۆلیسی کەرکووک جێ پێی دزەکانی هەڵگرت و هەر لەدوای رووداوەکە لیژنەیەکیان پێکهێنا؛ لە هەڵمەتێکیشدا هەر چوار تۆمەتبارەکەیان دەستبەسەر کرد.
 
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت "تۆمەتبارەکان لەسەر رێگەی بازنەیی کەرکووک رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە و بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە یەکێکیان بریندار بووە."