نووسینگەی پەدەکەسە لە قامیشلۆ سووتێندرا

24-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، گرووپێکی چەکدار هێرش دەکەنە سەر نووسینگەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان - سووریا، ناسراو بە پەدەکەسە و دەیسووتێنن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی نیسانی 2024، لە راگەیێندراوێکدا پارتی دیمۆکراتی کوردستان - سووریا، ناسراو بە پەدەکەسە رایگەیاند، شەوی رابردوو نووسینگەی ئەو حیزبە لە رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە سووتێندراوە.
 
پەدەکەسە دەڵێت، لە شارۆچکەی تربەسپی لە رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆش، گرووپێکی چەکدار ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگای نووسینگەکەیان سووتاندووە.
 
پەدەکەسە، چەکدارانی سەر بە پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک - پەیەدە بە سووتاندنی نووسینگەکەیان لە شاری قامشلۆ و سووتاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای نووسینگەکەیان لە شارۆچکەی تربەسپی تۆمەتبار دەکات.
 
رۆژی 1ـی ئادار لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، هێرش کرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) کە بریار بوو چالاکییەکی ئەنەکەسە تێدا بەڕێوەبچێت. پەدەکەسە و ئەنەکەسە رایانگەیاند، لەلایەن "جوانێن شۆڕشگێڕ"ەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگاکەی پەدەکەسە لە کۆبانێ.
 
هەر هەمان رۆژ عەدنان بۆزان، سەرۆکی لقی ئەنەکەسە لە کۆبانێ سەبارەت بە هێرشەکە گوتی، "هەرچی لە ئۆفیسەکەماندا هەبوو سووتاندیان، ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی کۆبانێیان سووتاند، سووکایەتییان بە رەمزەکانی کورد و ئاڵای کوردستان کرد."
 
شەوی چوارشەممە، 6ی ئاداری 2024، نووسینگەی ئەنەکەسە لە شاری عاموودای رۆژئاوای کوردستان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە سووتێندرا.
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، رۆژی 9ی ئادار رایگەیاند، لەبارەی رووداوەکانی کۆبانی و عاموودا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رانەگەیێندراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە