پارێزگاری هەولێر: شاندێکمان بانگهێشتی پاریس کراون بۆ بەشداریی کۆنفرانسی شارە فەرەنسی زمانەکان
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتیی پارێزگار بانگهێشتی کۆنفرانسێکی تایبەت بە سەرۆکشارەوانیی ئەو شارانە دەکرێت کە بە فەرەنسی گفتوگۆیان تێدا دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 24-04-2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندێکی پارێزگای هەولێر بانگهیشتی پاریس کراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بەو سەرۆکشارەوانییانەی دانیشتووانەکەیان بە فەرەنسی گفتوگۆ دەکەن.
کۆنفرانسی نیودەوڵەتیی سەرۆکشارەوانییە فەرەنسی زمانەکان لە 28ی ئەم مانگە لە شاری پاریس دەستپێدەکات.
ئەو بابەتانەی کۆنفرانسەکە سەرنجیان دەخاتە سەر، چۆنێتی باشتر کردنی بەڕێوەبردنی ئەو شارانە و رۆڵی دیاسپۆرایە لەو بوارەدا.
کۆنفرانسەکە تایبەت بە شارە فەرەنسی زمانەکانە، بەڵام شاری دیکەش وەکو میوان بۆ بەشداریکردن بانگهێشت کراون و یەکێکیان هەولێرە.
ئومێد خۆشناو بە رووداوی گوت، لە کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ ئان هیداڵگۆ، سەرۆکشارەوانیی پاریس کۆبوونەوەیەکی دەبێت و پێکەوە لەبارەی زیاترکردنی ئاڵوگۆڕی نێوان پاریس و هەولێر لە بوارە جیاوازەکاندا قسە دەکەن.
کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و تێیدا دوو پانێل پێشکێش دەکرێن.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سەرۆکشارەوانییە فەرەنسی زمانەکان ساڵانە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە دامەزراوەکە بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە 20 سەرۆکشارەوانیی جیاواز لە جیهاندا تێیدا بەشداری دەکەن.