منداڵێکی ساوا لە نزیک مزگەوتێکی کەلار فڕێدەدرێت

 
رووداو - گەرمیان

لەنزیک مزگەوتی تەقوا لە کەلار منداڵێکی تازە لەدایکبوو دۆزرایەوە کە بە پارچە قوماشێکەوە پێچراوە و بەجێهێڵدراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 24-04-2023 عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "مەفرەزەی بەشی پۆلیسی کەلارمان چوونە شوێنی ناوبراو و منداڵەکەیان گەیاندە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار. ئێستا منداڵەکە تەندروستیی جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، تائێستا کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، منداڵەکە کوڕە و تاوەکو ئێستا نازانرێت تەمەنی چەند رۆژە.
 
عەلی جەمال قەدووری ئەوەشی خستەڕوو، پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی منداڵەکە.
 
"منداڵەکەم بۆ بهێنەرەوە و بەخێوی دەکەم"
 
عەلی وشیار، ئەو پیاوەی منداڵەکەی دۆزیوەتەوە دەڵێت، لەکاتی چوون بۆ نوێژی خەوتنان باران بووە، منداڵەکەی دۆزیوەتەوە و بینیویەتی لەنێو کارتۆنێکدا دەگری، دواتر پەیوەندییان بە 104ەوە کردووە و هاتوون بردوویانە.
 
ئەو پیاوە گوتیشی، کچێکی پێی گوتووە منداڵەکەی بۆ بباتەوە و ئەو "لەبەر خودا بەخێوی دەکات."