لە کەلار لەکاتی لەحیمکردنی تانکیی گازی ئۆتۆمبێلێک ئاگر دەگرێت و دەتەقێتەوە؛ گەنجێک گیانی لەدەستدا

24-04-2023
هونەر حەمید
دیمەنی چرکەساتی تەقینەوەکە
دیمەنی چرکەساتی تەقینەوەکە
A+ A-
 
رووداو - کەلار
 
لەکاتی لەحیمکردنی تانکیی گازی ئۆتۆمبێلێک، ئۆتۆمبێلەکە لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار ئاگری گرت و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئاریان ئیبراهیم، لەدایکبووی ساڵی 1994ە، دانیشتووی گەڕەکی شۆڕشی کەلارە، لەحیمچییەکەیە و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
 
عەلی تالب، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە 35 ساڵ، ئەحمەد عەلی 28 ساڵ و شاهۆ فەتاح 21 ساڵ لە رووداوەکەدا بریندار بوون.
 
مەحمد سیروان، شایەتحاڵ دەڵێت، "لەوێوە دەهاتم رێم دەکرد، لەناکاو یەک دەنگی بەرز هات، دوو هێندەی عامودەکە ئاگر چووە ئاسمان، دەنگێکی زۆر بەرز بوو. کەسێک لەوێوە رایکرد، ئەوە قەمیس و شەرواڵەکەیەتی، بە ئاو کوژاندیانەوە، دانەیەکی دیکە لەوێوە رۆشت، شەرواڵەکەی ئاگری گرت، گوتیان دووانی دیکە رۆشتوون بۆ مزگەوتەکە، ئەوەمان نەبینی."
 
شایەتحاڵێکی دیکە بەناوی دانا حەبیب ئاماژە بەوە دەکات، "زرمەیەکی زۆر هات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگر لەم دووکانە بەربوو، خاوەنی دووکانەکە مرد، دەستبەجێ گیانی دەرچوو، دووانیشیان سووتابوون، یەکێکیان شاگردی بوو."
 
بەرگریی شارستانیی گەرمیان هۆکاری رووداوەکە بۆ کەمتەرخەمیی وەستای لەحیمچییەکە دەگەڕێنێتەوە.
 
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان گوتی، "هۆکارەکەی ئەوە بووە پاکی نەکردووەتەوە. پێویستە بە ئاو و بە زاهی و تاییت چەند جارێک بشۆردرێت و پاک بکریتەوە؛ دڵنیا بیت مادەی گاز و غازی تێدا نەبێت، پاک پاک وشکی بکاتەوە ئینجا ئیشی لێ بکات."
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە دۆخی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە و بۆ چارەسەر رەوانەی سلێمانی کراوە، دوو بریندارەکەی دیکەش تەندروستییان جێگیرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە