لە سەردەشت ژنێک بە گازی زۆپا خنکا و دۆخی منداڵەکەشی ناجێگیرە

24-04-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی گازی زۆپاوە ژنێک دەخنکێت و دۆخی تەندروستیی کچە هەشت ساڵانەکەشی ناجێگیرە.
 
رۆژی دووشەممە 24ی نیسانی 2023 نادر سارەبانی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سەردەشت رایگەیاند، لەنێو ماڵێکی شاری سەردەشت بەهۆی گازی زۆپاوە دایک و کچێک ژەهراوی بوون و دایکەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ کاتێک هاوژینی ژنەکە لە کارەوە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، بەسەر هاوژین و کچەکەیدا دەکەوێت کە لە تەنیشت زۆپاکە کەوتوون. ئەو پیاوە کاتێک لە ژوورەکە دەیانباتە دەرەوە، دەبینێت کچەکەی هێشتا هەناسە دەدات، بەڵام هاوژینەکەی گیانی لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سەردەشت گوتی، دوای پشکنینی تیمی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت دایکەکە زیاتر لە سێ کاژێر بووە گیانی لەدەستداوە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، نادر سارەبانی رایگەیاند، دایک و کچەکە لە نزیکی زۆپاکەوە پاڵکەوتوون و بەهۆی ئەوەی یەکیان لە خەودا خۆی بە زۆپا گازەکەدا کێشاوە، دووکەڵکێشەکەی لەجێی خۆی دەرچووە و گازی دوانۆکسیدی کاربۆن لەنێو ژوورەکەدا بڵاوبووەتەوە.
 
شاری سەردەشت دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و 35 کیلۆمەتر لە دەروازەی سنووری کێلێ و قەزای قەڵادزێی هەرێمی کوردستانەوە دوورە و بەپێی دوایین سەرژمێری ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتووانی 46 هەزار و 412 کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.