پەرستارانی سنە دژی کەمیی مووچەکانیان گردبوونەوە؛ 'بەسە بەڵێن، سفرەکانمان بەتاڵن'

24-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرستاری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سنە وەکو دەربڕینی ناڕەزایی دژی دابین نەکردنی ماف و شایستە داراییەکانیان گردبوونەوە و دەڵێن، تاوەکو خواستەکانیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن لە ناڕەزایی دەربڕین.
 
پەرستار و ستافی نەخۆشخانەکانی شاری سنە ئەمڕۆ دووشەممە 24-04-2023 لەبەردەم ناوەندی سەرەکیی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنە لە شەقامی سەفەری ئەو شارە گردبوونەوە و درووشمی وەکو "بەسە بەڵێن، سفرەکانمان بەتاڵن"یان گوتەوە. ئەوان داواش دەکەن، بڕیاری دیاریکردنی مووچە بەپێی خزمەت و کارەکانیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت.
 
پەرستار و ستافی نەخۆشخانەکانی شاری سنە لە درووشمەکانیاندا رایانگەیاند، تاوەکو خواستەکانیان جێبەجێ نەکرێت و دۆخی ژیانیان باش نەکرێت، لە گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕین بەردەوام دەبن.
 
لە چەند مانگی رابردوودا پەرستارانی ژمارەیەک شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دژی پێنەدانی مووچە و دەرماڵەی تەواو ناڕەزاییان دەربڕیوە.
 
محەممەد میرزابەیگی، سەرۆکی رێکخراوی پەرستارانی ئێران دەڵێت، بەپێی یاسا دەبێت 85%ی داهاتی نەخۆشخانەکان تەرخان بکرێت بۆ کاری زیادە و پەرستاران، بەڵام ئەوەیان پێنادرێت. هەروەها دەڵێت، 10 تریلیۆن و 200 ملیار تمەن بۆ پێدانی مووچەی زیادە بۆ پەرستاران تەرخان کراوە، بەڵام تەنیا دوو تریلیۆن و 500 ملیار تمەنی بۆ پەرستاران خەرج کراوە.
 
لە ئێران بۆ هەر قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانە 0.8 پەرستار هەیە و سەرۆکی رێکخراوی پەرستارانی ئێران دەڵێت، بۆئەوەی بگەنە ئاستی ستاندارد دەبێت 100 هەزار پەرستار دابمەزرێندرێن.
 
بەپێی راپۆرتی ماڵی پەرستارانی ئێران، ساڵانە 2500 بۆ 3000 پەرستار ئەو وڵاتە جێدەهێڵن و بۆ کارکردن دەچنە وڵاتانی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە