لە کەلار بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی گاز کەسێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی گاز لە کەلار، کەسێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکە بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 24-04-2023، شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی گاز لە کەلار، کەسێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکە بریندار بوون، تەقینەوەکە بەهۆی لەحیمکردنی تانکی تانکەرێکەوە بووە.
 
شەهاب ئەحمەد گوتی، لەحیمچییەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و دوو شاگرد و شۆفێری تانکەرەکە بریندارن، بەڵام تەندروستیان جێگیرە.
 
بە گوتەی قایمقامی کەلار، رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار روویداوە.
 
پۆلیسی کەلار لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئاریان ئیراهیم مەحموودە و لەدایکبووی ساڵی 1994ـە، دانیشتووی گەڕەکی شۆڕشی کەلارە." 
 
پۆلیسی کەلار ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی زۆری رێژەی سووتاوییەکەیانەوە، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکرێن.