حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ عومرەکاران: لە رێگەی وشکانییەوە گەشت مەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەی ئەو عومرەکارانە چارەسەر بووە کە لە سنووری نێوان عێراق و سعودیە گیریان خواردبوو. داواش دەکات کە عومرەکارانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە گەشت بۆ سعودیە نەکەن و دەڵێت، "هیچ کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە گەشتەکە ناکات."
رۆژی یەکشەممە 23-4-2023، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی ژمارەیەک عومرەکارانی کورد و عێراقی لە دەروازەی عەرعەری نێوان سعودیە و عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو عومرەکارانە لەگەڵ کۆمپانیاکەیان کێشەیان هەبووە، دوای ئەوەی پاسەکەیان پەکی دەکەوێت، چەند کاژێرێک دوادەکەون، کۆمپانیاکەشیان بۆ دابینکردنی پاسی دیکە داوای پارەی لێکردوون، بەڵام ئەوانیش ئامادەنەبوون پارە بدەن و کێشە و شەڕ دروستبووە، عومرەکارەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ عێراق رووبەڕووی ئەو کێشەیە بوونەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق کێشەکەیان چارەسەر بووە."
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی روونیشیکردەوە، "ئێمە لەچەندین راگەیێندراو و لێدوان، داوامانکردووە کە عومرەکاران تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە سەردانی سعودیە بکەن، چونکە ئێمە گەرەنتی هیچ عومرەکارێک ناکەین لە رێگەی وشکانییەوە سەردانی سعودیە بکات، چونکە بەڕاستی رێگەکە گەرەنتی کراو نییە و کێشەی هەیە."
سەبارەت بە گەڕانەوەی عومرەکانیش بۆ شوێنی خۆیان، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەپێی دەستەی حەج و عومرەی عێراق دەبێت ئەو عومرەکارانە بەڕێکەوتبێتن و بگەنەوە شوێنی خۆیان، کە بەشی زۆری کوردەکانیان ئەوانەن کە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتوون."
رۆژی یەکشەممە، لەکاتی گەڕانەوەیان لە سعودیەوە بۆ عێراق، لە دەروازەی سنووریی عەرعەر ژمارەیەک عومرەکار لەگەڵ کۆمپانیاکەیان بووەتە کێشەیان و داوایان لە دەستەی حەج و عومرەی عێراق کردبوو کە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.