گالەری


رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای هەڕەشەی وشکەساڵی، دەربەندی رانیە بەراورد بە ساڵی 2021 ئەمساڵ ئاستی ئاوەکەی زیادیکردووە و لەچاو ناوچەکانی دیکەی کوردستان کەمتر وشکەساڵیی پێوە دیارە، بەراورد بە پێش ساڵی 2020یش ئاستی ئاوی دەربەندی رانیە دابەزیوە.
 
لە وێنەکاندا شوێنەواری دابەزینی ئاو بە دەربەندی رانیەوە دیارە. سەرچاوەی ئاوی دەربەندی رانیە بەشێکی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوەیە، بەشێکی دیکەشی لە زێی بچووکەوەیە و ئاوی دەربەندی رانیەش دەڕژێتە نێو بەنداوی دووکان.
 
خالید حەسەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وشکەساڵی و کەمی باران کاریگەریی لەسەر گەنم و جۆ هەبووە، بەڵام لە دەڤەری راپەرین ئەو کاریگەرییە نەبووە بەو پێیەی لە ناوچەی راپەرین رێژەی بارانبارین لەچاو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان باشتر بووە، لە ئەمساڵدا 632 ملیمەتر باران لە دەڤەرەکەمان باریوە."
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەرین باسی لەوەش کرد، دەرکەوتنی دابەزینی ئاستی ئاو لە دەربەندی رانیە "هی ئەمساڵ نییە و ئەمساڵ بڕێکی باش زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە ساڵی 2019 ئاستی بارانبارین رێژەیەکی مێژوویی تۆمارکردبوو؛ هێشتا ماوە بگاتەوە ئاستی ئاسایی خۆی. لە ساڵی 2021 دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو."
 
دەربەندی رانیە دیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی هەیە، بووەتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانیان و گەشتیارانی بیانییش سەردانی دەکەن؛ سەرچاوەیەکی بژێویی باشە بۆ بەشێک لە راوچییەکانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت لەڕووی راوەماسییەوە.