لە ناوچەی پاوە حەوت کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە یەک رۆژدا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان حەوت کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی کامێران و جوانڕۆ بە تەقەی هێزەکانی ئێران و کەوتنە خوارەوە لە شاخ بریندار بوون.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە 21-04-2022 لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ و دوو کۆڵبەری خەڵکی کامێران بریندار بوون.
هەمان رۆژ هێزی پاراستنی سنووری ئێران دوای کۆڵبەرەکان کەوتوون و لەکاتی راکردندا کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ و دوو کۆڵبەری خەڵکی کامێرانیش لە بەرزاییەوە کەوتوونەتە خوارەوە و "دەست و لاقیان شکاوە". کۆڵبەرێکی دیکەش لە کاتی هەڵاتندا بریندار بووە.
لەم ماوەیەدا تەقەکردن لە کۆڵبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود زۆر زیادی کردووە.
رۆژی 17-04-2022 هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران بە چەکی راوکردن تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و نزیکەی 12 کۆڵبەریان بریندار کردن.
دوو رۆژ دواتریش دوو کۆڵبەری دیکەی خەڵکی جوانڕۆ دیسان لە ناوچەی سنووری نەوسوود سەر بە شاری پاوە بریندار کران، کە یەک لەوان رۆژێک دواتر گیانی لەدەستدا.
مەلا قادر قادری، نوێنەری رێبەری ئێران لە پاوە و هەورامان، ناڕەزایەتی لە دژی ئەو کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران دەربڕی و گوتی: ناکرێ هەر کەس لە سنوور نزیک بووەوە، تەقەی لێبکرێت.
ئارش لهۆنی، نوێنەری جوانڕۆ و هەورامانیش لە پەرلەمانی ئێران رۆژی 20-04-2022 داوای لە دەزگای داد و وەزیری ناوخۆ کرد "بە خێرایی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر"