چوار بەرپرسی دیکەی کۆمەڵ لە هەولێر دەستیان لەکار کێشایەوە
رووداو - هەولێر
چوار بەرپرسی دیکەی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە هەولێر وازهێنانیان لە حیزبەکەیان راگەیاند و پشتیوانی خۆیان بۆ سێ ئەندام سەرکردایەتییەکەی ئەو حیزبە دەربڕی، بەو پێیەش تاوەکو ئێستا سێ ئەندام سەرکردایەتی و هەشت ئەندام و کارگێڕی مەڵبەند دەستلەکارکێشانەوەیان راگەیاندووە.
هەریەک لە (هێمن رەسول، کارگێڕی مەڵبەند)، (عەبدولقادر ئیبراهیم، ئەندام مەڵبەند)، (رەفعەت رەئووف، ئەندام مەڵبەند) و (برووسک عوسمان، ئەندامی مەڵبەند و بەرپرسی لقی مامۆستایان)ـی کۆمەڵی ئیسلامی لە مەڵبەندی 11ی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بۆ رایگشتی دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان راگەیاند.
هێمن رەسول، کارگێڕی مەڵبەندی مەڵبەندی 11ی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو سێ سەرکردایەتییەی چەند رۆژێک پێش ئیستا وازیان هێنا، روونیانکردەوە کە نیگەرانییەکانمان چین. ئێستاش حەزناکەین باسی کەموکوڕییەکان بکەین، ئەوەی لە پەیامەکەی سەرکردایەتیەکاندا هاتووە ئەوەیە کە ئیدارەنی حیزب خراپە، نادادپەروەری هەیە و بڕیاری تاکە کەسی دەدرێت".
ئەو چوار بەرپرسەی کۆمەڵ لە هەولێر لە نامەی وازهێنانەکەیاندا دەڵێن "چەندین هەوڵ و پێشنیازمان لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی ئەنجوومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن بۆ چاککردنی کێشە و گرفتە سەپێنراوەکانی هەر دوو مەڵبەندی هەولێر رەتکراوەتەوە. ئێمە دووپاتیدەکەینەوە کە پشتگیری هەر سێ سەرکردایەتییە دەست لەکارکێشاوەکان دەکەین بۆ هەر پڕۆژەیەکی سیاسی سەربەخۆ کە خزمەتی رابوونی ئیسلامی بکات".
رۆژی هەینی رابردوو (19-4-2019) سەلیم كۆیی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، سەعید هەركی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر و ئیسماعیل رەسول بۆسکانی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر دەستلەکارکێشانەوەیان لە کۆمەڵی ئیسلامی راگەیاند.
دوو رۆژ دواتر، کەمال ئەسکەندەر، حاجی محەممەد سماقوڵی، سەعدی مستەفا و کاروان خەلیل، کارگێڕانی مەڵبەندی هەولێری کۆمەڵی ئیسلامی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وازهێنانیان راگەیاند و گوتیان "لە بەرواری 21-4-2019ـەوە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و یاساییمان بە کۆمەڵی ئیسلامییەوە نەماوە".
ئەو سێ ئەندامی سەركردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی رایانگەیاندبوو "بنەماكانی دادگەری، یەكسانی و شورا تەنها بوونەتە درووشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حیزب بەدیناكرێن، پێچەوانەكانیان جێبەجێدەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گرووپ و باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامی و دەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیر و ئەندامانی ناو حیزبدا".
لە خاڵێکدا لەبارەی هۆکاری وازهێنانەکەیان، سەلیم كۆیی، سەعید هەركی و ئیسماعیل رەسول بۆسکانی دەڵێن "نەبوونی ستراتیژ و پلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حیزبەوە. ئەم نەبوونی پلانەش بووەتە هۆكاری ناڕوونی لە سیاسەتی حیزبدا؛ هەر بۆیە تاوەکو ئێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشن نییە ئایا كۆمەڵ حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت".
ئەو سێ ئەندام سەرکردایەتیەی کۆمەڵی ئیسلامی کە وازهێنانیان راگەیاند، دەشڵێن "پێگەی سیاسی و جەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووانی ئەنجوومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردنەوە پشتگوێخراوە. تەنانەت زۆر جار كێشە و گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەند و ئەنجوومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گرووپەوە".
دەقی نامەی وازهێنانی سێ ئەندام سەرکردایەتییەی کۆمەڵ لە 19-4-2019
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
بۆ:
خەڵكی هەرێمی كوردستان
ئیسلام دۆستانی دڵسۆز
رای گشتی
كەناڵەكانی راگەیاندن
بابەت: دەست لەكاركێشانەوە
لە سۆنگەی بڕوا بوونمان بەوەی حیزب دەبێ ئامرازێك بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێك كە لە سایەیدا دادپەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەستەبەربكات و هەلی یەكسان بڕەخسێنێ بۆ دەرخستنی تواناو كارامەیی و لێهاتوویەكانی كادیران و ئەندامەكانی لەپێناو خزمەتكردنی باشتر و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەتر بۆ گەل و وڵاتەكەی، بەڵام ئەوكاتەی حیزب خۆی ببێت بە ئامانج و سەرچاوەی بژێوی بۆ كەسانێكی دیاریكراو و نەتوانێت لە خودی خۆیدا دادپەروەری بەرقەرار بكات پێویستە سەركردایەتی و كادیران و ئەندامەكانی هەموو هەوڵ و تەقەلاكانیان بخەنەگەڕ بۆ چاكسازی و راستەڕێكردنی، ئەگەرنا لانی كەم هەڵوێست وەربگرن.
بەڕێزان..
دوای ئەوەی بەشێكی زۆری تەمەنمان بەدڵسۆزانە و لێنەبڕاوانە لە رابوونی ئیسلامی بەسەربردوە و لە خزمەتی بانگەوازی ئیسلامی بووینە لە ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و پێشتریش لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە ناو و پۆست و واژۆمان لە خوارەوە هاتووە، ئەمڕۆ رۆژی هەینی 19/4/2019 رایدەگەیەنین كە واز لە گشت پۆستەكانمان دەهێنین و دەست لەكاردەكێشینەوە لە ئەندامێتی ئەو حیزبە. ئەم بڕیارەشەمان بە كورتی دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو هۆكارانەوەی خوارەوە:
یەكەم: نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بە جۆرێك خزمەتی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێجیاكاری لەنێوان تاكەكانی.
دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری، یەكسانی، شورا و راوێژ تەنها بوونەتە دروشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حیزب بەدیناكرێن و پێچەوانەكەشی جێبەجێدەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گرووپ و باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامی ودەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیر و ئەندامانی ناو حیزب".
سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و جەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووانی ئەنجوومەنی بانگەواز و بەرڕێوەبردن. تەنانەت زۆر جار كێشە و گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەند و ئەنجوومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گرووپە.
چوارەم: نەبوونی ستراتیژ و پلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبوونی پلانەش بووەتە هۆكاری ناڕوونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تاوەکو ئێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشن نییە ئایا كۆمەڵ حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت؟!
ئێمە لەگەڵ ئەوەی دووپاتی دەكەینەوە كە لەم بەروارەی سەرەوە هیچ پەیوەندیەكمان نەماوە بە كۆمەڵی ئیسلامی، داوا لە بەڕێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین هەوڵی راستەقینە بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حزبەكەی و ئێمەش بەڵێندەدەین لە دەرەوەی ئەو حزبە هاوكاری دڵسۆزیان بین بۆ پرۆسەی چاكسازی ریشەیی لە كۆمەڵی ئیسلامی وهەر پڕۆژەیەكی ئیسلامی تر.
لە كۆتاییدا دەست لەكاركێشانەوەمان لەو حیزبە مانای دەستبەرداربوونمان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامی و چاكسازییەكان، بەڵكو دەبێتە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی بانگەوازی ئیسلامی و پرۆسەی چاكسازی سیاسی ریشەیی لەهەرێمی كوردستان. خوای گەورە پشتوپەنامان بێت بۆ دین و ژینی هەمووان.
- سەلیم كۆیی، ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی
- سەعید هەركی، ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر
- ئیسماعیل رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر