شەش كەس لەسەر دۆسیەی سەنا دەستگیر دەكرێن

24-04-2017
ناسر عەلی
نیشانەکردن سەنا ئاکرێ
A+ A-

رووداو- دهۆك

تاوەكوو ئێستا شەش كەس لەسەر دۆسیەی سەنا، ئەو منداڵەی بەهۆی هەڵەیەكی پزیشكی دەستی بڕدرایەوە، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە و دوو لەوان كە برنپێچێكی ژن و پزیشكێكن، شەش رۆژ بەندكراون، بەڵام برینپێچەكە دەڵێت دوور و نزیك پەیوەندی بە دۆسیەی سەناوە نییە و لەو ماوەیەی راگیراوە مامەڵەی خراپی لەگەڵ كراوە. ئەو دەڵێت: "ئەوەی لەگەڵ من كرا، داعش بە خەڵكی نەكردووە".

رۆژی 7/4/2017 كچێكی تەمەن دوو ساڵ، بەناوی سەنا عیسام بەهۆی سكچوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی گوڵانی ئاكرێ‌ دەكرێت. بەڵام دوای دوو رۆژ دەستی رەش هەڵدەگەڕێ، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك دەكرێت، رۆژی 16ی ئەم مانگە لێژنەیەكی پزیشكی بڕیاری بڕینەوەی دەستی سەنایان دا.

لەسەر دۆسیەی سەنا رۆژی 18ی مانگی رابردوو چوار كەس دەستگیركران كە دوویان برینپێچ بوون و دووی دیكەشیان پزیشك بوون. هەر ئەو رۆژە پزیشكێك و برینپێچێك بە كەفالەت ئازادكران، هەروەها پزیشكێك و برینپێچەكەی دیكە زیندانی كران، ئەوان تاوەكو رۆژی 23ی مانگ لە زیندان مانەوە و دواتر بە كەفالەت ئازادكران. دوای ئازادكردنی ئەو دوو كەسە، دوو كەسی دیكە بانگهێشتكران و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كرا.

 (و) ئەو ژنە برینچێیە كە شەش رۆژ لە زیندان بووە، گوتی "سێ ساڵە بوومەتە برینپێچ، سەرەتا لە دهۆك بووم، پێش چوار مانگ شووم كرد بە كەسێكی دانیشتووی ئاكرێ، بۆیە خۆم نەقڵی ئاكرێ‌ كرد. ئەو رۆژەی سەنایان هێنایە نەخۆشخانە، راستە من خەفەر بووم، بەڵام نە كانۆلامان داناوە، نە چارەسەریشم بۆ نووسیوە".

(و) كە چوار مانگە دووگیانە، دەڵێت هەر لە یەكەم رۆژ كە لەلایەن لێژنەكەوە بانگ كراوە، نەزیف بووە. ئەو دەڵێت "چەند جارێك پێمگوتن من ئاگام لەو بابەتە نییە، بەڵام سوودی نەبوو، بردمیان بۆ لێكۆڵینەوە، دادوەر قسەی ناخۆشی پێگوتم، چەند جارێك پێمگوت من دووگیانم، بەڵام ئەو گوێی پێنەدام".

ئەو برینپێچە بەردەوام نكۆڵی لەوە دەكرد كە پەیوەندی بە دۆسیەی سەناوە هەبێ‌ و گوتی "لەو ماوەیەی وەكو برینپێچ دامەزراوم، بە هەزاران كەسم چارەسەر كردووە، تاوەكو ئێستا هیچ هەڵەیەكم نەكردووە، بەڕاستی لە دۆسیەی سەنا غەدریان لێكردم".
 
بڕینەوەی دەستی سەنا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، تاوەكو ئێستا سێ‌ لێژنەی لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دروستكراون، رۆژی 23ی ئەو مانگەش وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی قەزای ئاكرێی كرد، دواتریش سەردانی دهۆكی كرد.

ئەو برینپێچە دەڵێت گرتنەكەی كاریگەری زۆری لەسەر خۆی و كۆرپەلەكەی هەبووە "رەوشی دەروونیم جێگیر نییە، بەهۆی گرتنەكەم تووشی خوێنبەربوونێكی زۆر بووم، كۆرپەلەكەم وشكبووەتەوە و مەترسی لەسەرە".

محەممەد فایەق، ئەندامی داواكاری گشتی لە دادگای ئاكرێ و ئەندامی لێژنەی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی سەنا دەڵێت "هەر لەیەكەم رۆژ كە دەستمان بە لێكۆڵینەوە كرد، یەكەم جار چوار كەسمان بانگ كرد، دوو لەوان رەوانەی زیندان كران، كە یەكێك برینپێچێكی ژن بوو، ئەوەی دیكەش ئەو پزیشكە بوو كە ئەو رۆژە خەفەر بووە".

ئەو ئەندامەی لێژنەكە رەتیكردەوە غەدریان لەو برینپێچە كردبێ‌ و گوتی "وەكو لێژنە غەدرمان  لە كەس نەكردووە، تەنیا كاری خۆمان كردووە، لەبیر نەكەین دەستی منداڵێك بڕاوەتەوە".

تۆمەتبارانی ئەو دۆسیە هەر دێ‌ و ژمارەیان زیاد دەبێ‌، رۆژی 23/4/2017 لێژنەی لێكۆڵینەوە پزیشكێك و برینپێچێكی بە مەبەستی لێكۆڵینەوە راگرت، دوای ئەوەی ئیفادەیان وەرگیرا، هەر هەمان رۆژ بە كەفالەت ئازاد كران. تا ئێستا سێ‌ پزیشك و سێ‌ برینپێچ لەو دۆسیەدا تۆمەتبار كراون. 

محەممەد باسی سزای ئەو كەسانەی كرد ئەگەر تۆمەتەكەیان بەسەردا ساخ ببێتەوە و گوتی "ئەوانە بەپێی ماددە 416 دادگایی دەكرێن ئەگەر تۆمەتەكەیان بەسەردا ساخ ببێتەوە، سزاكەیان دوو ساڵ بەندكردن دەبێ‌، چونكە بوونەتە هۆی كەمئەندامبوونی كەسێك".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە