رووداو دیجیتاڵ
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە دانیشتنی سبەی پەرلەمانەوە. پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی کاری خۆی بڵاوکردەوە و دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەیەتی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پلاتفۆرمی فەیسبووک بڵاوی کردەوە "ئێستا بە سوپاسەوە رەزامەندیی بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانم وەرگرت، بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ دانیشتنی سبەی."
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا قسەیان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە تێپەڕێندرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو هەنگاوە داوای سەرۆک بارزانی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەو بەڵێنەش بە نوێنەر و کەسایەتییەکانی هەڵەبجەیان داوە، جێبەجێ دەکرێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "سەرووی 130 واژۆی پەرلەمانتارانم کۆکردووەتەوە و رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەم وەرگیراوە، کە سبەی ئەگەر دانیشتن بکرێت، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کارەوە ئەگەر دانیشتنیش نەکرێت، دەخرێتە دانیشتنی رۆژی دواتر."
کەمێک لەمەوپێش پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی خۆی بڵاوکردەوە و دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدایە.
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژەیاسایەکی چوار مادەیی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا، پرۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەری چەندین جار دواخراوە.
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13-03-2014ـەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکردووە، بەڵام رێگرییەکانی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان بێ دانپێدانانی بەغدا و بودجەی تایبەت بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ