رووداو دیجیتاڵ
لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان تەرمی کچێکی 12 ساڵان دۆزرایەوە کە پێش سووتاندنی، شوێنەواری چەقۆ لێدان بە جەستەیەوە دیاربوو. هەروەها مێرمنداڵێکی دیکەش بەهۆی ئەوەی بەردێکی گەورە بەر سەری کەوتووە، بە سەختی برینداربوو.
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی بواری مافی مرۆڤ لە عەفرین، بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی، تەرمی کچێکی تەمەن 12 ساڵانیان لە دەشتی عەفرین دۆزیوەتەوە.
ئیبراهیم شێخۆ، راشیگەیاند، تەرمی کچەکە سووتێندراوە و بەر لە سووتاندنی بە چەقۆ کوشتوویانە و شوێنەواری حەوت زەبری چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە. بکوژەکەی یان بکوژەکانیشی، تەرمی کچەکەیان فڕێداوەتەوە رێگەی سەرەکیی مەیدانکێ لە ناحیەی شێران سەر بە دەشتی عەفرین. هەرچەندە ناسنامەشی نەزاندراوە، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەرمەکەی رادەستی تیمی بەرگریی شارستانی عەفرین کراوە.
چالاکڤانەکە بە رووداوی راگەیاند، بەیانی رۆژی 23ـی ئادار، مێرمنداڵێکی تەمەن 12 ساڵان بەناوی زاید ئەحمەد کەبۆ، لە گەڕەکی ئەشرەفییەی گوندی کێباشین لە ناحیەی شێراوا لە دەشتی عەفرین، لە کاتی تێپەڕینی لە نزیک باڵەخایەکی تازە دروستکراودا، بەردێک لە نهۆمی سەرەوەدا بەردەبێتەوە و بەسەر سەری مێرمنداڵەکەدا دەکەوێت و خەڵتانی خوێنی دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مێرمنداڵەکە دەستبەجێ بە ئەمبوڵانس دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی فێرکاری تایبەتی عەفرین و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکەدا چارەسەر وەردەگرێت. بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی و خراپیی دۆخی تەندروستییەوە، لەسەر راسپاردەی پزیشکەکان، بڕیاردراوە بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ