بایکۆت لە بەشێک لە قوتابخانە، زانکۆ و فەرمانگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکردەوە

25-03-2024
نزار جەزا
نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە کە بایکۆت تێیدا دەستیپێکردووە
نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە کە بایکۆت تێیدا دەستیپێکردووە
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

عەزیمە مستەفا نەخۆشە و فەقەراتی ئازاری هەیە، بۆ بینینی پزیشک چووەتە نەخۆشخانەیەکی چەمچەماڵ، بەڵام دەرگای بەڕوودا داخراوە، چونکە بایکۆتە و تەندروستکارەکان دەوام ناکەن.
 
عەزیمە بۆ چارەسەر ناچارە بچێتە نەخۆشخانە یان کلینیکێکی تایبەت، ئەویش دەبێتە ئەرکێکی قوورستر لەسەر شانی خۆی و خێزانەکەی؛ ئەو دەڵێت، "توانامان نییە بچینە نەخۆشخانەى تایبەت، بەڵام چارەمان نییە. چی بکەین، تەندروستیی خۆشمان گرنگە، ئەمەش ژیان نییە بە بێ مووچە، ئەگەر مووچە دابەشبکرێت پزیشکیش دەوام دەکات."
 
بایکۆت ئیشوکاری هاونیشتمانییانی پەکخستووە. محەممەد عەلی، نەخۆش ئاماژە بەوە دەکات، "بایکۆت نەبێت، ئیشەکەم جێبەجێ دەبێت، بەڵام کە بایکۆتە، ئیشەکەشم ناکرێت و ناچارم هەفتەیەکی دیکە بێمەوە."
 
بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لە زۆرینەی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بایکۆت یان نیمچە بایکۆت و ناڕەزایەتیی فەرمانبەران دەستیپێکردووە، تەنانەت ناوەندە تەندروستییەکانیشی گرتووەتەوە.
 
عەلی عەزیز، بەڕێوەبەری تاقیگەی پزیشکیی هەڵەبجە دەڵێت، بەشێک لە کارمەندانی بەشی تاقیگە هاتوونەتەوە، بەڵام هەر نەخۆشێک کە دێت بۆ نەخۆشخانە، پێویستە پزیشک بیبینێت، پزیشکیش بایکۆتی کردووە و خەڵک ناچارە پاشنیوەڕوان بچێتە کلینیکە تایبەتەکان."
 
حوسێن خدر، فەرمانبەر دەڵێت، "ساڵی 2023 سێ مووچەمان وەرنەگرتووە، ئەم ساڵیش یەک مووچەمان وەرگرتووە، بۆیە بارودۆخی خەڵک زۆر خراپە و هیچ کاتێک هێندەی ئێستا خراپ نەبووە."
 
عەباس محەممەد، فەرمانبەر باس لەوە دەکات، "فەرمانبەرمان هەیە پارەى تەکسی و پاسی پێ نییە هاتووچۆی پێبکات، تەنانەت فەرمانبەر هەیە 1000 دیناری پێ نییە نان بکڕێت، کەواتە چۆن داوای لێ دەکرێت بێتەوە بۆ دەوام؟"
 
جگە لە مووچەخۆران، خوێندکارانی زانکۆکانی هەڵەبجە، راپەڕین، کۆیە، چەرموو و بەشێکی زانکۆی سلێمانی ناڕازین، بڕیاریان داوە تاوەکو سەرەتای مانگی نیسان خوێندن هەڵپەسێرن، ئەگەر هەر مووچە دابەش نەکرێت، تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان درێژەی پێدەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گفتوگۆی هیوا جەمال و ئەمجەد محەممەد

سبەی یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ بۆچی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکەنەوە ئەمیندار؟

سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین بۆ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەمجەد محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەڵێت، "ئەوە کۆتایی هاتووە" کە جارێکی دیکە دەیکەنەوە ئەمیندار. گوتیشی: "لە کۆنفرانسەکاندا کۆتایی بەوە {هەڵبژاردنەوەی ئەمیندار} هاتووە".