هەڵمەتێکی پاککردنەوەی گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەهار، لە بەشێکی گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵمەتی پاککردنەوە دەستیپێکردووە. دانیشتووانی ئەو گوندانە لەگەڵ کەسانی ژینگەپارێز دەست بە خاوێنکردنەوە دەکەن و هەموو زبڵ و پاشماوەکان بەتایبەت پلاستیکەکان کۆدەکەنەوە.
 
بە ناوی "رۆژێک بۆ سرووشت" گوندنشینانی گوندی شاینی سەر بە شاری کامێران لە پارێزگای سنە ژینگەی گوندەکەیان خاوێن کردەوە، هەرچی پلاستیک و زبڵ لە دەوروبەری شاینی فڕێ درابوون، کۆیان کردنەوە. 
 
هەڵمەتەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەهار، کە دەستپێکی ساڵێکی نوێیە؛ بۆیە دانیشتوانی شاینیش دەیانەوێت گوند رووخسارێکی نوێ و پاکوخاوێنی هەبێت.
 
هەڵمەتی لەمجۆرە لە کۆمەڵێک گوندی دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان سازکران، لەوانە گوندی یەنگیجەی سەر بە شاری مەریوان. 
 
لە سنووری مەریوان هەڵمەتی پاککردنەوەی گوند وردە وردە بووەتە نەریت، ئەمەش لەکاتێکدایە 11 ساڵە ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان هەوڵدەدات بیکاتە بەشێک لە کولتووری خەڵک.
 
ئەمساڵ نەوەک تەنیا لە مەریوان، بەڵکو لە هەندێ لە گوندەکانی سەر بە شارەکانی دیکەش ژینگەی گوند خاوێن کرانەوە، وەک گوندی حەقە سەر بە شاری دێولان.
 
چالاکڤانانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا کە بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئەم بابەتەیان لە بیر نەکرد کە پێویستیی خاوێنکردنەوەی گوند بخەنە بیری چالاکڤانانی ژینگەی پێنجوێن.
 
بەشی هەرە زۆری زبڵی گوندەکان پلاستیکە. ئەمە ئێستا لە ئاستی جیهانییشدا کێشەیەکی گەورەی رووبەڕووی ژینگە کردووەتەوە.
 
ئێران لەنێو وڵاتانی جیهاندا بۆ زبڵی پلاستیک لە پلەی بیستەمە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵانە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن زبڵی پلاستیک لە ئێراندا فڕێ دەدرێت.
 
هەندێ لە زبڵە پلاستیکییەکان سەدان ساڵ لە ژینگەدا دەمێننەوە و ئەوان لەو ماوەیەدا ژینگە، ئاو، خاک و هەواش پیس دەکەن و دەبنە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ.
 
خەمخۆرانی ژینگەی گوندەکان دەیانەوێت رێگریی لەم رەوتە بکەن و رێگە نەدەن ژینگەکەیان ببێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستییان و بۆ سەر ئاو و خاکیان، کە سەرچاوەی ژیانیانن.