قوتابخانەیەک لە شێخان بەشێکی داڕماوە؛ 'ترسمان هەیە وانەی تێدا بخوێنین'

رووداو دیجیتاڵ 

قوتابخانەی گوندی زیناڤا غازی لە قەزای شێخان، پۆلێک و دوو کۆگە و دەستشۆی قوتابخانەکە بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە داڕماون. بۆیە ئێستا ناتواندرێ دەوامی تێدا بکرێت. 
 
سەڵاح محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیە و دەڵێت: "سبەی دەوامە، نازانین قوتابییەکان بۆ کوێ ببەین. هەندێک بلۆکمان هێناوەتە ئێرە، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیر و بەڕێوەبەری پەروەردە قسەمان کردووە، دەڵێن، ئەم بەشەی دیوارێکی بۆ دروستدەکەین، بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن دەوام بکەن، ژووری مامۆستایان چۆڵ دەکەین لەگەڵ ژووری بەڕێوەبەر، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە. دەمانەوێت بە زووترین کات چارەسەرێک بۆ قوتابخانەکەمان بدۆزرێتەوە." 
 
قوتابخانەکە 36 قوتابیی هەیە، لە پۆلی یەک تا شەشەمی بنەڕەتی دەخوێنن. 
 
شێریڤان جونەید قوتابییە و دەڵێت، "من پۆلی پێنجەمم. دەمانەوێت قوتابخانەیەکی نوێمان بۆ دروست بکرێت، قوتابخانەکەمان هەمووی داڕماوە." 
 
مستەفا حیکمەت، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێت، "پۆلی چوارەمم لەم قوتابخانەیە، دەمەوێت قوتابخانەیەکی نوێ بۆمان دروست بکرێت. چەند رۆژی داهاتوو تاقیکردنەوەمان هەیە، چۆن تاقیکردنەوەکان بکەین؟ ترسمان هەیە لەوەی بێینە نێو ئەم قوتابخانەیە چونکە لایەکی داڕماوە." 
 
بەڕێوەبەری پەروەردە لە قەزای شێخان بە رووداوی گوت، ئەوان سەردانی قوتابخانەکەیان کردووە، وەکو چارەسەرێکی کاتی، دیوارێکی پاراستن لەنێو قوتابخانەکە دروست دەکەن. ژووری مامۆستایانیش دەکرێتە پۆلی خوێندن بۆ ئەوەی خوێندنی ئەم ساڵ تەواو بکرێت. دەشڵێت پڕۆژەیان هەیە قوتابخانەیەکی نوێ دروست بکەن.