ئەوقافی پشدەر: پێشنوێژ و گوتارخوێنی زۆرینەی مزگەوتەکانمان خۆبەخشن

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئەوقافی پشدەر رایدەگەیێنێت، لە کۆی 300 مزگەوت لە دەڤەرەکەدا، زۆرینەی مزگەوتەکانیان پێشنوێژ و گوتارخوێنەکانیان خۆبەخشن. دەشڵێت، موڵکێکی زۆریان هەیە بەڵام نەبوونی دەسەڵاتی کارگێڕی ئاستەنگی بۆ دروستکردوون بۆ تۆمارکردنی موڵکەکانیان.
 
هیوا قادر، بەڕێوەبەری تێبینەرایەتیی ئەوقافی پشدەر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکشی دەکات، رایگەیاند ''قەزایەک، پێنج ناحیە و زیاتر لە 250 گوند دەکەونە سنووری تێبینەرایەتیی ئەوقافی پشدەر. ئێمە نزیکەی نزیکەی 300 مزگەوتمان هەن، ساڵانە گرفتی کەمبوونەوەی میلاکمان بۆ دروست دەبێت. بەهۆی خانەنشینبوونی فەرمانبەر و کارمەندەکانمان و نەبوونی میلاک، کێشەی زۆری بۆ دروستکردووین."
 
هیوا قادر دەڵێت، لە کۆی 300 مزگەوت، ئێمە تەنیا 63 پێشنوێژ و گوتارخوێنی میلاکمان هەیە، لەگەڵ 94 قورئانخوێن و خزمەتگوزاری مزگەوت، بەڵام بەهۆی کێشەی میلاکەوە بەشێک لە قورئانخوێنەکان کراون بە گوتاربێژ، ئەو خۆبەخشانەشی پێشنوێژ و گوتارخوێنن، بە رەزامەندیی وەزارەتی ئەوقاف دانراون.
 
بەڕێوەبەری تێبینەرایەتیی ئەوقافی پشدەر دەڵێت، "ئێمە کارمەندمان هەن کە نزیکەی 13 ساڵە خۆبەخشن و تائێستا هیچیان بۆ نەکراوە، ئەوەی پێیان دەدرێت ساڵانە جارێک یان دوو جار هاوکاری دەکرێن و ئەمساڵ هیچ هاوکاریش نەکراون."
 
بە گوتەی هیوا قادر، نەبوونی دەسەڵاتی کارگێڕیی دارایی گرفتی گەورەی بۆ دروستکردوون، بەشێوەیەک هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و تەنانەت ناتوانن بەباشی ئەو موڵکانە رێکبخەنەوە، کە موڵکی ئەوقافن، بەهۆی ئەوەی ئەوان بەڕێوەبەرایەتی نین.
 
دەشڵێت "شوێن هەیە کراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، بەڵام ئەوەندی ئێمە سنووری جوگرافی فراوان نییە و مزگەوتیشی زۆر نییە."
 
بەگوێرەی ئەوقافی پشدەر؛ قوتابخانەیەکی ئامادەیی ئیسلامی، دوو خانەقا، سێ حوجرە و سێ تەکیەی فەرمی لە سنووری پشدەر هەن، کە هەموویان لەژێر چاودێریی تێبینەرایەتیی ئەوقافدان.
 
لەبارەی ژمارەی موڵکەکانی ئەوقاف لە سنوورەکە، هیوا قادر گوتی، باڵەخانەیەکی 12 پۆلیمان هەیە کە خێرخواز بۆی دروست کردووین، تاپۆمان کردووە و بە شێوەی ساڵانە دراوەتە کرێ، هەروەها 63 خانوومان هەیە (خانووی مزگەوتەکان) لەنێو قەڵادزێ، بەشێک لە خۆبەشەکان لەو خانووانەن و ئەوانەشی کارمەندی تێدایە، پارەیەکی رەمزییان لێ وەردەگرێت.
 
گوتیشی، ژمارەیەکی زۆر موڵکمان هەن، کە بەشێکیان لە گوندەکانن و زەویی کشتوکاڵی و رەزن، "بەڵام نەبوونی دەسەڵاتی کارگێڕی کێشەی بۆ دروستکردووین، ئەو موڵکە کشتوکاڵییانەی لە گوندەکاندا هەمانن، زۆرجار کێشە کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردووین."