لە ساڵێکدا 100 مزگەوتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستکراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە رەمەزانی رابردووەوە و تاوەکو رەمەزانی ئەمساڵ، زیاتر لە سەت مزگەوت دروستکراون.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، میوانی بەرنامەی 'پاشیڤ' بوو و رایگەیاند، لە رەمەزانی پارەوە تاوەکو رەمەزانی ئەمساڵ، زیاتر لە سەت مزگەوت لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، بەمەش ژمارەی مزگەوتەکان دەبێتە پێنج هەزار و 820 مزگەوت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەروەها ئاشکرای کرد، لە 10ـی تەممووزی 2019 و تائێستا زیاتر لە 400 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان دروستکراون.
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا، جگە لەو مزگەوتانە، ئێستا بەشێک لە مزگەوتەکان لە ژێر دروستکردندان و حکومەتی هەرێمی کوردستان زەوی لە شوێنی ستراتیژی و باش لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندارەکانەوە بۆ دروستکردن مزگەوت و قوتابخانەی ئایینی دابین دەکات.
'پاشیڤ' شۆیەکی دوو كاژێرییە، بەدرێژایی مانگی رەمەزان پێشكێشدەكرێت، بەدرێژایی ئەو دوو كاژێرە زانیاری و بڕگەی هەمەجۆر پێشكێش دەكرێت.
ئەمساڵ لە سلێمانییەوە رۆژان ئەبوبەکر و ئادەم بێدار پێشکێشکارن و پەیام عەزیزی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان و گرووپی میوزیکی لوڕ بەشدارن و سروودی ئایینی و موناجات و بڕگەی میوزیکی پێشکێش دەکەن.