دانیشتووانی گوندێکی کەرکووک دژی دروستکردنی سەربازگە لەسەر زەوییەکانیان خۆپێشاندان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

جووتیارانی کورد و تورکمانی گوندی تۆپزاوای کەرکووک دژی بڕیاری شارەوانی بۆ دروستکردنی سەربازگە و یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، خۆپێشاندان دەکەن و بۆ ماوەیەک رێگەی سەرەکیی ناوەند-باشووری کەرکووکیان داخست. 
 
رۆژی هەینی، 24-03-2023، جووتیارانی کورد و تورکمانی گوندی تۆپزاوای کەرکووک بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی ''داگیرکردن''ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، گردبوونەوە و رێگەی سەرەکیی فڕۆکەخانەیان داخست کە ناوەندی کەرکووک بە باشووری شار دەبەستێتەوە.
 
خۆپێشاندەران چەندین دروشمیان بەرزکردبووەوە کە گوزارشتکردن بوو لە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس، چونکە بەو بڕیارانە زیانێکی زۆر بە زەوییەکانیان گەیشتووە.
 
لەسەر بڕیاری شارەوانیی کەرکووک، هەوڵی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر ئەو زەوییانە دەدرێت و بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، زۆربەی جووتیاران کە پیشەیان تەنیا کشتوکاڵە، بێ کار دەبن؛ بەگوتەی خۆپێشاندەران، ئامانجیان لەم خۆپێشاندانە رێگرییە لە دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار و بەعەرەبکردنی ناوچەکە.
 
سوپای عێراق بەنیازە لە تۆپزاوای کەرکووک دەست بەسەر زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەویدا بگرێت بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرییە.

 

 
خەڵکی تۆپزاوا دەڵێن لە ساڵی 1986، لە چوارچێوەی تەعریب و راگواستن، زەوییەکانیان لێوەرگیرایەوە، بەڵام سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی ماددەی 140دان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێتەوە.
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت: ''زەوییەکانمان مەترسییان لەسەرە، هەوڵدەدەین ئەو بڕیارانەی لە سەردەمی پێشوودا لەسەر زەوییەکانمان دەرکراون، هەڵوەشێندرێنەوە.''
 
لە کاتی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆدا، سەرەکیترین دروشمی دەستی زۆربەی خۆپێشاندەران ئەوە بوو: ''بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی شارەوانیی کەرکووک، بڕیارێکە بۆ دەرکردنی کورد و تورکمان لە شارەکە.''
 
دانیشتووانی گوندی تۆپزاوای کەرکووک باس لەوە دەکەن، ئەو زەوییانەی کە کێشەیان لەسەرە، هەمووی تاپۆی سەردەمی عوسمانییان هەیە و زەویی کورد و تورکمانن.
 
یەکێک لە خۆپێشاندەرانی کورد لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا، کە ئایا بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان، جووتیاران هیچ قەرەبوویەک دەکرێنەوە، گوتی: ''هیچمان بۆ نەکراوە و هیچیشمان ناوێ، ئەم زەوییانە هی باوک و باپیرانمانە، تاپۆی فەرمیمان هەیە و دەمانەوێت لەدەست خۆماندا بێت.''