ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤیەننا کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک جینۆساید ناساند


رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر دەستپێشخەری هاونیشتمانییەک، ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤیەننای پایتەختی نەمسا، کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک جینۆساید ناساند.
 
بێریڤان ئەسلان، هاونیشتمانیی بە رەچەڵەک خەڵکی باکووری کوردستان و ئەندامی پارتی ئەڵتەرناتیڤی سەوز لە ڤیەننا رایگەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤیەننا بە پشتگیری چوار پارت لەنێو ئەنجوومەنەکە کیمیابارانی هەڵەبجەیان وەک جینۆساید ناساندووە. 
 
هەریەک لە پارتی ئەڵتەرناتیڤی سەوز، پارتی سۆسیال دیموکرات، پارتی نەمسای نوێ و پارتی کۆربەندی لیبراڵ ئەو پارتانە بوون کە دەنگیان بە پڕۆژەکە دا.
 
بێریڤان کە ئەندامی پارتی ئەڵتەرناتیڤی سەوزە دەستپێشخەری پڕۆژەبڕیارەکەی کردووە و لە تویتێکدا رایگەیاند، "ناساندنی تاوانی دژ بە گەلی کورد وەکو جینۆساید یەکەمجارە لە مێژووی سیاسی نەمسا روودەدات."
 
پەرلەمانی نەمسا لە ساڵی 2017ـش لەسەر دەستپێشخەری ئەو هاونیشتمانییە تاوانەکانی داعشی دژی کوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری بە جینۆساید ناساند.
 
لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا کە لەسەر دەستی دەسەڵاتی بەعس ئەنجامدرا، لانیکەم 5000 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە  10000 کەسی دیکە برینداربوون.