هێشتا تەرمی هاونیشتمانییەکە لە دەریاچەی دەربەندیخان نەدۆزراوەتەوە

24-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای سێ رۆژ گەڕان لە دەریاچەی دەربەندیخان، هێشتا تەرمەکە نەدۆزراوەتەوە. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، ئەو شوێنەی تەرمەکەی تێدایە زیاتر لە 50 مەتر قووڵە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامن. 
 
رۆژی هەینی 24ـی ئاداری 2023، سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە تەرمی ئەو هاونیشتمانییە دەربهێندرێت کە شەوی 21ـی ئادار لە دەریاچەی دەربەندیخان خنکا؛ گوتیشی: "تیمەکان کۆمەڵێک کەسی خۆبەخشن؛ تیمێکی ژێرئاوی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانیش هاتوون و دوو بەلەمیان پێیە، بەڵام ئەوانیش نەیانتوانیوە تەرمەکە بدۆزنەوە." 
 
قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد کە تەرمەکە لە شوێنێکدایە زیاتر لە 50 مەتر قووڵە و دۆزینەوەی بۆ تیمەکانی هەرێمی کوردستان "ئەستەمە"؛ گوتیشی: "لەگەڵ نووسینگەی وەزیری ناوخۆ قسەمان کرد. ئەوان کۆمەڵێک ئامێری نوێیان کڕیوە بۆ دۆزینەوەی تەرم و رووداوی هاوشێوە، بەڵام لە بەریتانیایە و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتەوە هەرێمی کوردستان." 
 
سلێمان محەممەد باسی لەوەشکرد کە بڕیارە سبەی هاونیشتمانییەک کامێرایەکی پێشکەوتوو بباتە سەر دەریاچەکە کە دەتوانێت لەنێو 300 مەتر قووڵی دەریادا دیمەنی روون بگوازێتەوە بۆ سەرەوە. 
 
 
شەوی سێشەممە 21ـی ئادار، سێ گەنج بە بەلەمێک چوونە نێو بەنداوی دەربەندیخان، دوای قڵپبوونەوەی بەلەمەکەیان دووانیان خۆیان رزگار کرد و یەکێکیشیان خنکا.
 
ئەو کەسەی تاوەکو ئێستا تەرمەکەی دەرنەهێندراوە ناوی سامان عەبدوڵڵایە، لەدایکبووی 1986ـە و خەڵکی قەزای دەربەندیخانە.
 
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو لە رووداوی جیادا 104 کەس لە ئاودا خنکاون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە