رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاماری رۆژانی پێش جەژنی نەورۆز و سێ رۆژی نەورۆزی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی 10 رۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگاکەیان کردووە. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هەر رووداوێک لەو ماوەیەدا روویدابێت تۆمەتبارەکانی دەستگیرکراون.
رۆژی 24ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، بەگوێرەی ئامادەکاری و پلانی پێشوازیکردن لە نەورۆزی ئەمساڵ، سەرجەم کار و چالاکییەکانی 10 رۆژەی 13ـەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە سەرکەوتوویی ئەنجامدران.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سێ رۆژی جەژنی نەورۆزیش پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی لە پێناو پاراستنی ئارامی، ئاسایشی شار، سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسوودە و سەلامەت لە چوونە سەیران، پابەندبوونی هاووڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لە سەیرانگە و شوێنە گشتیەکان وەک خۆی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کرا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ماوەی 10 رۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا رووداو روویانداوە، بەڵام هەموو ئەو رووداوانە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکراون و لەبەردەم یاسادان، بەتایبەتی ئێوارەی 20ـی مانگ کە شۆفێرێکی تەکسی کوژرا، دوای چەند کاژێرێک ئەنجامدەرەکەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا."
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگاری هەولێردا ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی نەورۆز بە چەند خاڵێک و بەمشێوەیەی خوارەوە خراونەتەڕوو:
گەشتوگوزار
گەشتوگوزاری هەولێر چەندین لیژنەی پێکهێنا بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بەڕووی گەشتیاران، وەک پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بە مەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە دەروازەکانی هەولێر؛ هەروەها چاودێریکردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگەکان، میوانخانە و چێشتخانەکان.
هاتووچۆی هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بۆ جەژنی نەورۆز پلانەکانی بەبێ هیچ گرفتێک لە شەقامەکان و سەیرانگەکان جێبەجێکران؛ تەنیا قەرەباڵخییەکی ئاسایی لە رێگەکان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانکاران پەیدابوو. لە سێ رۆژی جەژنی نەورۆزدا هیچ رووداوێکی هاتووچۆ رووینەداوە کە زیانی گیانی تێدابێت.
ئاسایش و پۆلیسی هەولێر
ئەو پلان و ئامادەکارییانەی لەلایەن ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەک خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکرا. سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ئامادەباشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیروگرفت تەواوی بڕگەکانی جێبەجێکران و سەرکەوتوو بوو. لە هەرسێ رۆژی جەژنی نەورۆز جگە لە حاڵەتێکی رفاندن کە هەر زوو لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە تاوانباران دەستگیرکران هیچ رووداوێکی دیکە رووینەداوە.
تەنیا دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون و تیمەکانی بەرگری شارستانیی کۆنترۆڵی کردن، جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ