خۆپێشاندەران لە بەردەم بارەگای یەکێتیی ئەوروپا داوای کردنەدەرەوەی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا، کوردانی ئەوروپا لە بەردەم بارەگای یەکێتییەکە لە برۆکسل ناڕەزاییان بەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی چوار هاونیشتمانییەکەی جندرێس لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوایان کرد، ئەوروپا گوشار بکات بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا لە عەفرین نەمێنن.
ئەمڕۆ هەینی 24-03-2023، کوردانی فەرەنسا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و چەند وڵاتێکی دیکە بە ئاڵای کوردستان و پۆستەری ناڕازییەوە لە بەردەم ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دروشمیان دژی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای نزیک لە تورکیا گوتەوە.
20ی ئادار، لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە هەرێمە کوردییەکەی رۆژئاوای کوردستان، چەکدارانی ئەحرار شەرقییەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا، چوار کەسیان لە یەک خێزان کوشتن، کە سێ برا و کوڕێکی یەکێکیان بوون.
پۆلیسی سەربازیی عەفرین سێ کەسی بە تۆمەتی تاوانەکە دەستگیرکرد، کە هەرسێکیان لە بنەڕەتدا خەڵکی دێرەزوور و نیشتەجێی کامپی جندرێسن.
محەممەد حبۆ، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی عەفرینە و ئێستا لە هۆڵەندا دەژی، لە برۆکسل بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی گوت: "ئێمە لێرەین بۆئەوەی داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین سەرکۆنە بکەین و کۆمەڵکوژییەکەی جندرێس بگەیێنینە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی گوشار دروستبکەن تاوەکو تورکیا سوپاکەی لە کوردستانی سووریا بە گشتی و لە عەفرین بە تایبەتی بکشێنێتەوە."
محەممەد حبۆ ئاماژەی بەوە کرد کە خۆپێشاندانەکە "نامەیەک" بە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی یەکێتییەکە دەدات.
هاونیشتمانیێکی دیکە بە رووداوی گوت: "ئێمە داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەین عەفرین بپارێزێت."
گرووپی ئەحرار شەرقییە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارییەی سووریا کە تورکیا پاڵپشتی دەکات.
ساڵی 2018 تورکیا و ئەو گرووپە چەکدارە سوورییانە هێرشیان کردە سەر عەفرین و داگیریانکرد، لە ئەنجامی ئەوەدا 150 هەزار هاونیشتمانی ئاوارە و کۆچبەر بوون، کە ئێستا لە شوێنی بەشێکیان، عەرەبی هاوردە نیشتەجێکراوە. چەندین رێکخراوی مرۆیی ناحکومی، تورکیا و گرووپە چەکدارەکان تۆمەتباردەکەن بەوەی کە هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی سیستماتیک دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن.
خەڵکی جندرێس لە دوای رووداوە خوێناوییەکەی شەوی نەورۆز دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و دەڵێن، 5 ساڵی پڕ لە نەهامەتییان لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارە سوورییەکانی نزیک لە ئەنقەرەدا بەڕێکردووە.
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە لە بارەی تاوانەکەی جندرێس بڵاویکردەوە، پشتڕاستیدەکاتەوە کە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا تێوەگلاون.
ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هیومان رایتس وۆچ گوتی: "ئەم رووداوانەی کوشتن دوای پێنج ساڵ لە چارەسەرنەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دێن، کە هێزەکانی تورکیا و ئەو گرووپە چەکدارانەشی ئەوان پشتیوانیان لێدەکەن ئەنجامیان داون. تورکیا رێگەی بەم چەکدارانە داوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان ژیانی خەڵک تێکبدەن بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەمەش تورکیا لە پێشێلکارییەکاندا تێوەگلاوە."
کوگل هەروەها راشیگەیاند: "تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، لە عەفرین بەردەوام شکستیان لە پاراستنی خەڵکی سڤیلی باکووری سووریا هێناوە."
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی جیهان بە ئاڵا شاڵی گوت: "من دەنگی ژنانی جندرێس و دایکی شەهیدان بە پەرلەمانی ئەوروپا دەگەیێنم. بۆ ئەوەی ئێش و ئازارەکانیان بگەیێنم، پێویستە ئەم چەتانە لە عەفرین و جندرێس نەمێنن. ئەمە پێنج ساڵە خەڵکەکەمان لەوێ ژێردەستە. ئێمە تەلەفۆنیان بۆ دەکەین، ئەوان دەگرین، دەڵێن ئیدی ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین."