کامێرای خاڵ بۆ خاڵ چۆن کاردەکات و سزای سەرپێچیکردن چەندە؟

24-03-2023
هێمن بابان رەحیم
کامێرای دیاریکردنی تیژڕۆیی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کامێرای دیاریکردنی تیژڕۆیی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆگرافیکێکدا چۆنیەتیی کارکردنی کامێرای چاودێریی خێرایی ناسراو بە "خاڵ بۆ خاڵ" رووندەکاتەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت: "سزای تیژڕۆیی بەپێی سیستمی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ هەمان سزای کامێراکانی پێشووە."

رۆژی هەینی، 24-3-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆگرافیکێکی لەبارەی کامێرای چاودێریی خاڵ بۆ خاڵەوە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڤیدیۆکە، لە سیستمی کامێرای چاودێریی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ دوو کامێرا لەنێوان دوو خاڵ دانراون و دووریی نێوانیان لە سێ بۆ چوار کیلۆمەتر دەبێت، کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەگاتە کامێرای یەکەم وێنەی دەگیرێت و سەرجەم زانیارییەکانی لە ژمارە و جۆر و کاتەکە دەنێرێت بۆ کامێرای دواتر، کە بە تۆڕێکی ئەلیکترۆنی پێکەوە بەستراونەتەوە، کاتێک دەگەیتە کامێرای دووەم دیسان کامێراکە وێنە دەگرێتەوە و بەپێی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە خۆی، ئەو کاتە هەژمار دەکات کە بۆ گەیشتن بە خاڵی دووەم دیاریکراوە، لەسەر بنەمای کاتەکە دەزانێت بە چی خێراییەک لێخوڕینت کردووە."
 
هەر بەپێی ڤیدیۆگرافیکەکە، ئەگەر ئەو کاتەی پێویستە بۆ گەیشتن لەنێوان دوو خاڵەکە زیاتر بوو یان هەمان کاتی دیاریکراوبوو، ئەوا هیچ سزایەک نانووسرێت، واتە لێخوڕین بە خێرایی دیاریکراو بووە، بەڵام ئەگەر کەمتر بوو لەکاتی دیاریکراو، ئەوە مانای ئەوەیە زێدەڕۆیی کراوە و لەسەر بنەمای کەمیی کاتەکە خێرایی ئۆتۆمبێلەکە دەزانرێت و سزا لەسەر ئەو بنەمایە دادەنرێت.
 
رۆژی هەینی، 24-3-2023، فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا سیستمی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت."
 
سەبارەت بە سزای سەرپێچیکردنی ئەو بڕەی لەنێوان کامێراکان دیاریکراوە، فازڵ حاجی گوتی، "هەمان سزای کامێراکانی پێشووترە و هەر زیادە 15 کیلۆمەترێک سزا تۆماردەکرێت، واتە هەر زیادرۆیشتنێک لەو بڕەی دیاریکراوە لەماوەی یەک کاژێر ببڕدرێت." واتە ئەگەر خێرایی رۆیشتن لە شەقامێک 60 کیلۆمەتر بێت و شۆفێر بەخێرایی 75 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بڕوات، بە سەرپێچی بۆی تۆمار دەکرێت.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت کار دەکەن. سەرەتای پرۆسەی دانانی کامێراکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوو کە ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانییان و چەند پەرلەمانتارێکی لێکەوتووەتەوە.
 
سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، جگە لە تۆمارکردنی تیژڕۆیی، دوو تایبەتمەندیی دیکەی هەیە، کە وا دەکات یاساکە تووندتربێت لەسەر شۆفێران.
 
خاڵ بۆ خاڵ، واتە لەنێوان دوو کامێرادا، ئەگەر خێراییەکەی بە 80 کیلۆمەتر دیاریکرابێت و ماوەی گەیشتن بەو خێراییە 10 خولەک بێت، ئەگەر شۆفێر بە کەمتر لە 10 خولەک بگاتە کامێرای دووەم، ژمارەکەی تۆمار دەکرێت و سزا دەدرێت. هەروەها، ئەگەر بە خێرایی زیاتر لە دیاریکراو، شۆفێر لە چەندین کامێرا بدات، یەک بەدوای یەک، هەموویان وەکو یەک ژمارەکەی تۆمار دەکەن، واتە لە ماوەیەکی کەمدا دەکرێت لە چەند کامێرایەک بدات و چەندجارێک سزا بدرێت.
 
هەروەها تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو کامێرایانە ئەوەیە، کە ئەگەر شۆفێر لە کاتی سەرپێچیدا پشتوێنی سەلامەتی نەبەستێت، یان مۆبایل بەکاربهێنێت، وێنەی دەگرێت و بە سەرپێچی بۆی تۆمار دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە