پۆلیسی هەولێر: هاووڵاتییەکی عەرەب کە لەلایەن باندێکەوە رفێنرابوو، رزگارکرا
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژ لەمەوپێش هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی هەولێر لەلایەن باندێکی سێ کەسییەوە رفێنرا. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: ''توانیمان هاووڵاتییەکە رزگار بکەین و دوو تۆمەتباریش دەستگیرکراون.''
رۆژی هەینی، 24-03-2023، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە عەرەبەی کە لەلایەن باندێکی سێ کەسییەوە رفێنرابوو، ''دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد هێزەکانمان توانییان لە قەزای شەقڵاوە لە ماڵێکدا کەسی رفێنراو رزگار بکەن و دواتریش دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە لەگەڵ کەسی سێیەم هاوکاربوون.''
بەگوتەی هۆگر عەزیز، رۆژی دووشەممە، 20-03-2023، هاووڵاتییەکی عەرب کە دانیشتووی شاری هەولێرە، لە لایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە لە قەزای شەقلاوە بانگهێشت دەکرێت، بەڵام هاوڕێیەکەی لەگەڵ دوو کەسی دیکە باندێکی سێ کەسی پێکدێنن و لەلایەن ئەوانەوە دەڕفێنرێت و رادەگیرێت.