رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بوومەلەرزەکەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 110 کەس لە شارەکانی سەڵماس و خۆی بریندار بوون و ژمارەیەک خانوو رووخاون و زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، کاژێر 6:47 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 24-03-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی ریختەر باکووری پارێزگای ورمێی هەژاند. ناوەندی بوومەلەرزەکە لە 19 کیلۆمەتری شاری خۆی و 24 کیلۆمەتری شاری سەڵماس بوو. بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 8 کیلۆمەتر تۆمار کراوە.
پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ و دوای تەواوبوونی کاری گەڕان و پشکنینی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان رایگەیاند، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیە 110 کەس بریندار بوون، بەڵام زۆربەیان چارەسەریان وەرگرتووە، تەنیا 17 کەسیان پێویستییان بەوە هەبووە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن کە تەندروستیی هەموویان جێگیرە. گوتیشی: "زۆربەی بریندارەکان دانیشتووی شاری سەڵماس و گوندەکانی سەر بەو شارەن."
سەبارەت بە زیانە مادییەکانی بوومەلەرزەکەش، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێران دەڵێت: "لە نێوشار دوو خانوو و لە گوندەکانیش شەش خانوو رووخاون و زیان بە ژمارەیەک خانووی دیکەش گەیشتووە"
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا 300 بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە باکووری پارێزگای ورمێ تۆمارکراون.
شەوی 28/01/2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلەی ریختەر شاری خۆی هەژاند، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی 580 کەس. هەروەها زیاتر لە 10 هەزار خانوو زیانیان پێگەیشت.
لە 21/01/2023ش بوومەلەرزەیەک ئەو ناوچەیەی هەژاند و زیانی بە 3850 خانوو و باڵەخانە گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ