هەفتەی داهاتوو پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکاتەوە

24-03-2021
نووری ماونی
نووری ماونی @nure_mawni
نیشانەکردن خوێندنی باڵا زانکۆ و پەیمانگەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، رۆژی شەممە 27ی ئاداری 2021 پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەڵێت، پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان (حکومى - تایبەت) لە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لە رۆژی شەممە 27ی ئادار بە پابەندبوون بە ساڵنامەى زانکۆیى دەستپێدەکاتەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پاراستنی  پرۆسەى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 بڕیاری پەیڕەوکردنی سیستەمى خوێندنى ئاوێتەى داوە وەکو پێویستییەکى سەردەم و هاوشێوەى زۆربەى زانکۆ بەنێوبانگەکانى جیهان، ئەم سیستەمە سەرکەوتنى بەرچاوى لە ناوەندەکانى خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەستهێناوە.

د. رەزاحەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکو ئێستا نازانین خویندنی زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکاتەوە لە زانکۆی سلێمانی. بەپێی رۆژژمێری ساڵانەمان 27-03-2021 دەوام لە زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئێستا رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزبووەتەوە و نازانین دەستدەکەینەوە بە دەوام یاخود نا".

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد "چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەکەین بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی".

هەروەها د. جەوهەر فەتاح، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بە هەمان میکانیزم و ئەو شێوازەی کە لە سەرەتای ساڵەوە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان پەیڕەویان کردووە، لە رۆژی 28-03-2021 لە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی سەڵاحەددین دەوامی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە و کۆتایی بە پشووی بەهارە دێت".

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین ئەوەی خستەڕوو "چاوەڕوانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەکەین، ئەوان هەر بڕیارێک بدەن دەربارەی درێژکردنەوەی پشوو یاخود بەردەوامبوونی دەوام لە زانکۆ و پەیمانگەکان، پابەند دەبین بە بڕیارەکەیان".

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا ئەو وانانەی پراکتیکین و پێویستیان بە راهێنانە، لەنێو زانکۆ و پەیمانگەکاندا دەخوێندرێت و ئەو وانانەی تیۆرین بە ئۆنلاین دەخوێندرێن بەپێی سیستەمی ئاوێتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە