رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە شاندێکی رەوەندی عێراقی لە ئه‌مریکا به‌سه‌رۆكايه‌تيى مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی كلدانى ـ ئه‌مریکی کرد و جەختی له پێكه‌وه‌ژيان و لێبوورده‌يى کردەوە.
لە دیدارەکەدا ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-2-2025) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی رەوەندی عێراقی لە دەرەوە کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى و پشتگیریيان له پێشخستنى ئابووری و گەشەپێدان.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، دەڵێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان "جەختی لە گرنگیی پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و فرەیی کولتووری و ئایینیی عێراقییەکان و، بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا کردەوە."
شاندەکە پێزانینيان بۆ كولتوورى يه‌كترقبووڵكردن و پێکەوەژیانی ئاشتیيانە و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە جياكاندا له هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى و داكۆكييان لە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان به‌تايبه‌تى لە بوارى ئابووری و وەبەرهێناندا کرد بە جۆرێک کە پشتگیریی گەشەپێدان بکات و دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی لەنێوان رەوەندی عێراقی لە دەرەوە و کوردستاندا بڕەخسێنێت.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندەکە "چه‌ند بيرۆكه‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى كار و پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له ده‌شتى نه‌ينه‌وا و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ڕوو."
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە و لێبوردەیی لەنێوان هەموو چين و توێژەکانی کۆمەڵگە کردەوە و دڵنيايى دا؛ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه وەک نموونەیەک بۆ ئاشتی و فرەیی و کرانەوە ده‌مێنێته‌وه.
بەهێزکردنی پەیوەندیى نێوان عێراقییەکانى ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هاوکاریی هاوبەشيان لەپێناو داهاتوویەکی باشتردا بۆ هه‌مووان به گرنگ زانى. هه‌ر له‌و ميانه‌دا هه‌موو ئاسانكارييه‌كى بۆ ره‌خساندنى زه‌مينه‌ى له‌بارى وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان بۆ شانده‌كه ده‌ربڕى.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ