رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە هەزار مێگاوات بەرهەمی کارەبا کەمبووەتەوە. بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی دەڵێت، وەزارەت ناچار بووە بەرهەمی یەکەکان کەم بکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما، لە كاژێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروستبوو، کە كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا هەبوو، بەهۆیەوە 1000 مێگاوات كارەبا کەم بووەوە."
ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەکە بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە بووە، کە وەزارەتی ناچار کردووە بەرهەمهێنان لە یەکەکانی بەرهەمێنانی کارەبا کەم بکاتەوە."
لە رۆژانی رابردوودا کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە. غالب محەممەد کە سەرپەرشتی کۆنترۆڵی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش دەکات گوتی، لەو دوو پارێزگایە دوێنی پێنج کاژێر و 38 خولەک کارەبای نیشتمانی هەبووە.
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی گوتی، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر نەکراوە.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، تیمەكانیان لەگەڵ تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرقاڵی چارەسەركردنی گرفتەكە و ئاسایكردنەوەی دۆخەكەن.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانە، 17ـی ئەم مانگە رایگەیاند، "بەرهەمی کارەبا ئێستا چوار هەزار مێگاواتە، بەڵام خواست لەم وەرزەدا دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ