بڕی هاوکاریی دارایی حکومەت لە ئێران بۆ هەر هاووڵاتییەک ناگاتە 6 دۆلار

25-02-2025
سینا سۆما
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، پێدانی کارتەکە بەمەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی کەمدەرامەتە و بەر لە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت.
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، پێدانی کارتەکە بەمەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی کەمدەرامەتە و بەر لە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای مشتومڕێکی زۆری پەرلەمان و حکومەتی ئێران، بڕی ئەو پارەیە دیاریکرا کە بڕیارە وەکو هاوکاریی دارایی، لە چوارچێوەی پرۆژەی کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک بدرێتە هاووڵاتیان.
 
عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "مۆڵەتەکە لە رێبەری باڵا وەرگیراوە. رای حکومەت و پەرلەمانیش ئەوەیە کە پاکێجێکی هاوکاری بۆ مانگی رەمەزان و شەوی جەژن، بە شێوەی کارتی ئەلیکترۆنیی خۆراک بدەینە خەڵک. رێبەر رازیبووە یەک ملیار دۆلار لە سندووقی گەشەپێدانی نەتەوەیی تەرخان بکرێت. حکومەتیش بە جیدی کار لەسەر ئەوە دەکات."
 
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، پێدانی کارتەکە بەمەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی کەمدەرامەتە و بەر لە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت.
 
وەزارەتی کاری ئێران سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکات پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی سەرپەرشتیاری خێزانەکان زیاد دەکرێت. بە پێی پلانەکە، لە چینی یەکەم تاوەکو سێیەمی کۆمەڵگە کە لەسەر بنەمای دابەشکاریی خێزانە بەپێی داهات و  خەڵکی زۆر هەژار لەخۆدەگرێت، بڕی 500 هەزار تمەن بۆ هەر کەسێک دیاریکراوە کە دەکاتە نزیکەی 5 دۆلار و 40 سەنت. لە چینی چوارەم تا هەفتەمیش بڕی 350 هەزار تمەن دانراوە، کە دەکاتە نزیکەی 3 دۆلار و 80 سەنت.
 
فەزلوڵڵا رەنجبەر، پەرلەمانتاری کرماشان دەڵێت: "بەتایبەت چینی هەژاری کۆمەڵگە بەراستی لە دۆخێکی خراپدان، پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی هاتنی ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆز، لەڕووی بژێوی ژیانیان گرنگییەکی تایبەت بدەینە ئەو کەسانە. بۆ رێکخستنی ئەم باباتە، بریاربوو چینی یەکەم تا سێیەم بێت، بەڵام دواتر کرایە حەوت چین. دوو نرخی جیاوا دیاریکرا. بۆ چینی یەکەم تا سێیەم زیاترە بەڵام بۆ چینی چوارەم تاوەکو حەوتەم بڕێکی کەمترە."
 
بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و دابەزینی بەهای تمەن، خوانی خەڵکی بچووکتر کردووەتەوە.
 
بەهۆی خراپتربوونی دۆخی ئابووری و قورستربوونی ژیانی هاووڵاتیانیش، پزیشکیان و تیمە ئابوورییەکەی رووبەڕووی رەخنەی تووند بوونەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە