رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە)، "رەخنەی تووند" لە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی دیالۆگی سووری دەگرێت و رایدەگەیێنێت، بەستنی کۆنفرانسەکە بە پەلەپەل و بەبێ رەچاوکردنی بەشداریی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی گەلی کورد، وادەکات کۆنفرانسەکە "نەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات و ئامانجەکانی بەدیبهێنێت."
کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، ئەمڕۆ لە دیمەشق دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە رایگەیاند، کۆنگرەکە رۆژی یەکەم 24ی شوباتی 2025 پێشوازی لە میوانەکان دەکات و رۆژی دووەم، 25ی هەمان مانگ لە دیمەشق دەست بە کارەکانی دەکات.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا لەوبارەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 24-02-2025، راگەیێندراوێکی بڵاویکردەوە و تێیدا جەخت لەوەدەکاتەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێکە کە ببێتەهۆی گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیر، کە کۆتایی بە ئازارەکانی سوورییەکان بهێنێت و بناخەیەک دابمەزرێنێت بۆ دەوڵەتێکی دیموکراتیی نا ناوەندیی، فرەنەتەوە و ئایین و کلتوور، کە دەستوورەکەی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکات، لە پێش هەموویانەوە مافەکانی گەلی کورد بەپێی پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆنگرەیە بۆ کۆکردنەوەی نوێنەری هەموو سووریاییەکان و بۆ وەرگرتنی راوێژە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە.
ئەنەکەسە دەڵێت: "بەستنی کۆنفرانسەکە بەم پەلەیە و راگەیاندنی تەنیا یەک رۆژ پێش بەستنی، پەراوێزخستنی پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکان بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیشەوە لە ئامادەکاری و خۆئامادەکردن، پێشێلکارییە بۆ بنەما و مافی هاوبەشی نیشتمانیی گەلی کورد، کە دەبێت بەردی بناخە بێت بۆ هەر گفتوگۆیەکی جدی کە هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتمانیی راستەقینە بدات."
پێشتر لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بانگەوازی بۆ دانیشتنێکی دیالۆگ لە چوارچێوەی "رێڕەوی دیالۆگی نیشتمانی" بۆ خەڵکی پارێزگای حەسەکە لە دیمەشق کردبوو، بەڵام هیچ حیزبێکی کوردی بانگهێشت نەکرابوو، تەنیا چەند کەسایەتییەکی کورد بەشداریان کرد.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا پێیوایە، "ئاراستەکردنی بانگهێشتەکان بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی و تاکەکەسی، بەدوور لە پێوەری روون کە گەرەنتی نوێنەرایەتییەکی هاوسەنگ بکەن، بۆ هێزە سیاسییە جیاوازەکان و پێکهاتە سوورییەکان، بە بزووتنەوە سیاسیی کوردیشەوە، پرسیاری جەوهەری دەوروژێنێت سەبارەت بە سوودی کۆنفرانسەکە."
دەشڵێت، سەرباری کورتکردنەوەی ماوەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە و رەچاو نەکردنی بارودۆخی بەشداربووان لە ناوخۆی سووریا و دەرەوەیدا، "دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەرفەتەکانی سەرکەوتنی لە بەدیهێنانی ئامانجە خوازراوەکانی لە بنیاتنانی سووریای داهاتوودا."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا پشتیوانی هەر پرۆسەیەکی سیاسی دەکات بۆ "دووبارە بنیاتنانەوەی سووریایەکی نوێ، کە جێگەی ستەم و دوورخستنەوەی پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی تێدا نەبێت."
"هیچ گفتوگۆیەکی راستەقینە ناتوانێت بەش بەش بکرێت یان پێکهاتەکانی گەلی سووریا پشتگوێ بخات، ناتوانێت ئامانجەکانی بەدیبهێنێت ئەگەر چارەسەرکردنی مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکان گەرەنتی نەکات." ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا وا دەڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ