رێبەر ئەحمەد: هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ سەرچاوەی هەڕەشە نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی لاوازیی دەستدرێژیکارانە.'' هێرشەکەی ئێرانیشی بە "خستنە ژێرپێی" خاڵەکانی رێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق و ئێران ناوبرد.
رۆژی شەممە، 24-02-2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کە لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستدا، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''دوژمنانی ئارامی و ئاوەدانی، رێگەیان نەدا پێشڕەو دزەیی درێژە بە خواست و خولیاکانی لە پێناو پێشکەوتنی زیاتری شار و وڵاتەکەی بدات.''
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی نابێتە هۆی ساردبوونەوە و تۆقاندنی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران لە کەرتی تایبەت و خاوبوونەوەیان لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ کەرتی گشتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی، ''بەشێکی زۆری وەبەرهێنەران، لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا، جێ پەنجەیان لە هەرێمی کوردستان دیار بووە کە هاوکاری حکومەت و خەڵکی کوردستان بوون.''
شەوی 15-01-2024ـی سوپای پاسداران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر کە پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن کە گیانلەدەستدانی خۆی و منداڵێکی تەمەنی کەمتر لە ساڵێک، لەگەڵ میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە؛ هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوون.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ''بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، بەتایبەتی وەبەرهێنەران و خاوەنکاران بە پاساوی بێ بنەما لە هەولێر، نیشانەی لاوازی و بێ ئومێدیی دەستدرێژیکارانە.''
رێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، "هەولێر و هەرێمی کوردستان هەموو کات وەک هێمای ئاشتی، ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەمێننەوە و سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان هەر لە پێشکەوتن و سەقامگیری بەردەوام دەبن."
پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکەی، هەبوونی بارەگەی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆساد بوو لە هەولێر. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، ''هیچ کات هەرێمی کوردستان نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هەموو کات فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بووە و رێگە نەدراوە خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت."
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دوای لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکە، رایانگەیاند، ''بەپێچەوانەی بانگەشەکان، ئەم شوێنە بارەگای مۆساد نەبووە و تەنیا ماڵێکی خێزانی و شوێنێکی تەواو سڤیل بووە.''
هێڕشەکەی ئێران لەکاتێکدایە پێشتر لە 19ـی ئادارى 2023، قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق و عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەو کاتی ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد. بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوولا بە پاراستنی ئاسایشی وڵاتی بەرامبەر و هاوکاریی ئەمنی پابەند دەکرێن.
وەک رێبەر ئەحمەد گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ''بەڵام ئەم هێرشە مووشەکییە بە مانای خستنە ژێرپێی هەموو بڕگەکانی رێککەوتنەکە بوو."
دوای هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، حکومەتی عێراق بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە و سەردانیکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی پێکهێنا. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ''هەر لە سەرەتای هێرشەکەوە، هەڵوێستی نیشتمانیی حکومەتی فیدراڵی جێگەی دڵخۆشی بوو، چونکە بۆ یەکەمین جار بە تووندی هاتە وەڵام و رێگەی دروستی لێکۆڵینەوە و پێشکێشکردنی یاداشتنامەی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرتەبەر".
رێبەر ئەحمەد داوای لە حکومەتی عێراق کرد ''بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و شکۆی هاووڵاتییانی عێراقی و سەروەریی خاکی عێراق، تا ئەو کاتەی مەرجەکانی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە جێبەجێ دەکرێن، حکومەت لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگر بێت، کە پێچەوانەکەی، هیچ بەهایەک بۆ سەروەریی عێراق نامێنێت.''