کەسایەتییەکی ئەرمەنی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی: رەنگە شەپۆلێکی کۆچکردن دەستپێبکات

رووداو دیجیتاڵ
 
یەروانت نیسان ماركۆس ئەمینیان، کەسایەتیی ئەرمەن و ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات لە کۆچی ئەرمەنەکان لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "رەنگە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتای ئەرمەن بە هەنگاوێکی سەرکوتکاری لێکبدرێتەوە".
 
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتای ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان کاریگەری لەسەر کورسیی کۆتای کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیا دەبێت". ئەو کەسایەتییە ئەرمەنە ئاماژە بەوە دەکات، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نادروستە و کاریگەریی خراپی دەبێت و لە داهاتوودا کەسێک نابێت داکۆکی لە مافی ئەرمەنەکان بکات و دەنگیان بگەیەنێت".
 
یەروانت نیسان ماركۆس ئەمینیان، کەسایەتیی ئەرمەن و ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو، لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان گوتی، "بڕیارەکە کوشتنی ئەرمەنەکانە، چونکە ئێمە وەکو ئەرمەن هیچ حیزبێکی سیاسیمان نییە تاوەکو داکۆکیمان لێ بکات".
 
گوتیشی، "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگەی شانازی هەموو لایەن و پێکهاتەکان بوو؛ هەمووان شانازییان پێیەوە دەکرد، بەڵام نەهێشتنی کۆتا کارێکی خراپە و لە داهاتوودا کەسێک نییە دەنگ و کێشەکانی ئەرمەنەکان بگەیەنێت. ئەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێت".
 
رۆژی 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان دانیشت و رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمارکرد. یەکێک لە کورسیی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان، کورسیی ئەرمەنەکان بوو، کە بەگوێرەی ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی، ئەم کورسییەش نامێنێت و ئەرمەنەکان نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان نابێت. 
 
وەک یەروانت ئەمینیان ئاماژەی بۆدەکات، ئەرمەنەکان زیاتر لە هەزار دەنگدەریان هەیە، بەڵام بێ کۆتا ناتوانن بگەنە پەرلەمان، ئەوەش بە هەنگاوێکی نەرێنی و خراپ ناودەبات و پێی وایە "ئەگەر نوێنەرمان لە پەرلەمان نەبێت، مافەکانمان ناپارێزرێن. ئەوکاتەی من ئەندامی پەرلەمان بووم، زۆر مافی یاسایی و دەستوورییم بۆ ئەرمەنەکان دەستەبەر کرد، داواکاریی و کێشەکانم دەگەیاند، بەڵام ئێستا هەر بڕیارێک بدرێت، ئەرمەنەکان لێی بێبەش دەبن، ئەوەش جێگەی نیگەرانییە. بێ بوونی کۆتا، بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان سەختە". 
 
 
زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتیی ئەرمەنی لە باشووری کوردستانن کە دوو هەزاریان لە سنووری پارێزگای دهۆکن، 800یان لە کەرکووک و 200یشیان لە هەولێرن؛ ئەوان شەش کەنیسەیان هەیە کە چواریان لە پارێزگای دهۆک و دووانەکەی دیکەش لە هەولێر و کەرکووکن. لە پارێزگای دهۆک زۆرینەی ئەرمەنەکان لە سەنتەری دهۆک و زاخۆ و هەردوو گوندی هەوریکسێ و ئاڤزریکێ دەژین.
 
ئەو کەسایەتییە ئەرمەنە دەڵێت، "ئەگەر لەگەڵ کریستیانەکانی دیکەش هاوپەیمانی ببەستین، بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان سەختە، چونکە هەموو لایەنە سیاسییە کریستیانەکان هاوڕا نین، بەڵام "دەتوانین لە رێگەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی گەورەی کوردستان هاوپەیمانی ببەستین تاوەکو بتوانین نوێنەرمان هەبێت لە پەرلەمان". 
 
یەروانت ئەمینیان، کورسیی کۆتایی ئەرمەنەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کورسیی کۆتای کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت، "چۆن نوێنەری ئەرمەن بە کەمتر لە 500 دەنگ دەگەیشتە پەرلەمانی کوردستان، بە هەمانشێوە لە ئەرمینیا نوێنەری کورد بە کەمتر لە 500 دەنگ دەگاتە پەرلەمان". بۆیە پێی وایە ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر کورسیی کۆتای کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیا دەبێت و دەشڵێت، "پەیوەندیمان لەگەڵ ئەرمەنەکانی دەرەوە هەیە و زۆر باشە، رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکی ئەرمینیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. ئەم بابەتەی لەگەڵ باس دەکەین. لە ئەرمینیاش کۆتای کورد هەیە و رەنگە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتایی ئەرمەنەکان لە پەرلەمانی کوردستان کاریگەری لەسەر کورسیی کۆتای کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیا هەبێت". 
 
ئەو کەسایەتییە ئەرمەنە پێی وایە لایەنە سیاسییەکان بە هەڵە لە کۆتای ئەرمەن و پێکهاتەکانی دیکە تێگەیشتوون و دەڵێت، "کۆتا بۆ ئەوە دانەنراوە تاوەکو ئێمە بە بەدەستهێنانی دەنگێکی کەم رکابەرایەتی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بکەین، بەڵکو ئەو کورسییە بۆ ئەوەیە رکابەرایەتی لەنێو خۆمان بکەین بۆ گەیشتن بە پەرلەمان".
 
ئەو کەسایەتییە ئاماژە بەوەش دەکات کە "هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتا و دژایەتیکردنی، بەو واتایە دێت ئێمە وەکو پێکهاتەکان خۆمان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەزانین، هیچ ئینتیمایەکمان بۆی نەبێت".
 
لە عێراقدا ژمارەی ئەرمەنەکان هاوشێوەی کریستیانەکان لە کەمبوونەوەدایە. بەگوێرەی ئامارەکانی دەستی رووداو، تاوەکو ساڵی 2004 نزیکەی 350 خێزانی ئەرمەنی لە پارێزگای بەسرە دەژیان، بەڵام ئێستا ژمارەیان بۆ 150 خێزان کەمبووەتەوە. لە پارێزگای نەینەوا لە کۆی 120 خێزان تەنیا سێ خێزان ماون. ژمارەی ئەرمەنەکانی بەغدا لە نزیکەی 6 هەزار خێزانەوە بۆ نزیکەی 500 خێزان کەمیکردووە. ئەرمەنەکان بەردەوام لە پرۆسەی سیاسیی عێراق خۆیان بە بێبەشکراو زانیوە، بۆیە چەندینجار داوایانکردووە کورسییەکی کۆتایان لە پەرلەمانی عێراق بۆ زیادبکرێت.
 
بە پێچەوانەی عێراقیشەوە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارامی ئەرمەنەکان بووە، بە جۆرێک تاوەکو بەر لە شەڕی داعش ژمارەی ئەرمەنەکانی هەرێمی کوردستان هەزار و 500 کەس بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان سێ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
 
لەبارەی پێکەوەژیانی ئەرمەن و کورد و پێکهاتەکانی دیکە، یەروانت ئەمینیان گوتی، "ئێمە خۆمان بە هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەم خاکە دەزانین، ئەگینا دەمێک بوو هەرێمی کوردستانمان جێ دەهێشت"؛ هۆشداریشدەدات لە کۆچی ئەرمەنەکان و پێیوایە "ئەگەر سەرکوت بکرێین، رەنگە بۆچوونی دیکەمان بۆ دروست ببێت. کریستیانەکان زیاتر رێگەی کۆچکردنیان لەبەردەمدایە و کۆچ دەکەن، بەڵام ئەرمەنەکان نایانەوێت هەرێمی کوردستان جێبهێڵن. رەنگە ئەم بڕیارە وابکات شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردن دروست بێت، چونکە رەنگە خەڵکی ئەمە وەکو هەنگاوێک بۆ سەرکەوتکاری لێکبداتەوە و بیر لە کۆچکردن بکرێتەوە". 
 
لەبارەی بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، ئەو کەسایەتییە ئەرمەنە دەڵێت، "بە کردەیی دیار بوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دژایەتیی ئەرمەنی و پێکهاتەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان. ئەوان کە سکاڵایان کرد، چۆن دەتوانن پشتیوانیمان بکەن؟ وەکو دەبینین، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیمان دەکات و رەنگە ئەوان بتوانن چەند کەسایەتییەکی ئەرمەن و پێکهاتەکانی دیکە بەربژێر بکەن بۆ ئەوەی بگەنە پەرلەمان و دەنگی پێکهاتەکان بگەیەنن. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنێک هاوپەیمانی ببەستین، بەڵام حیزبێک سکاڵا لەسەر کورسییەکەمان بکات و هەڵیوەشێنێتەوە، چۆن دەتوانین هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ببەستین؟".