وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: پێداچوونەوە بە مۆڵەتی سەنتەرەکانی ئۆتیزم دەکەین

24-02-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێداچوونەوە بە مۆڵەتی سەرجەم سەنتەرە حکومی و ناحکومییەکانی ئۆتیزم دەکات و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، هەر سەنتەرێک بەرامبەر منداڵانی ئۆتیزم کەمتەرخەم بێت، "مۆڵەتی لێ وەردەگیرێتەوە".
 
رۆژی شەممە، 24ـی شوبات، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسیان لەوەکرد کە گلەیی و گازندەیەکی زۆر لەسەر سەنتەرەکان هەن و وەکو پێویست خزمەت ناکەن".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت؛ "لەسەر بنەمای ئەو گلەیی و گازندانە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا لەمەودوا سەرجەم سەنتەرەکانی ئۆتیزم، بەو سەنتەرانەش کە لە رابردوودا لە وەزارەتی تەندروستی مۆڵەتیان وەرگرتووە، دەبێت کار و خزمەتەکانیان بەپێی ئەو رێنماییانە بێت کە وەزارەت دەریکردوون".
 
لەبارەی چۆنیەتیی پێداچوونەوە بە کار و خزمەتی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، ئاریان ئەحمەد گوتی، ئەوان لیژنەی تایبەت بە چاودێری سەنتەرەکانیان هەیە و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "بەدەر لە چاودێریی لیژنەکانمان، خەڵک هاوکاریی باشمان دەکات و لە هەر سەنتەرێک پێشێلکاری یان کێشەیەک هەبێت، پەیوەندیمان پێوە دەکەن و ئێمەش دەستبەجێ بەدواداچوون دەکەین".
 
ئەمڕۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە راگەیەنراوێکدا لە زاری کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبوویەوە: "هەر سەنتەرێک کەمتەرخەم بێت بەرامبەر منداڵانی توشبووی ئۆتیزم مۆڵەتی لێوەردەگرنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پێداچوونەوە بۆ سەرجەم سەنتەرەکان دەکەین."
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەدەر لە پێداچوونەوە بە سەنتەرە حکومی و تایبەتەکانی ئۆتیزم، پێداچوونەوە بە کاری سەنتەری بێلانەکان و مۆڵەتی بەخێوکارانیشدا دەکات. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەم وەزارەتە، "وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەمووان دڵنیا دەکاتەوە، چاوپۆشی ناکەن و هەر سەنتەرێک کەمتەرخەم بێت بەرامبەر منداڵانی توشبووی ئۆتیزم، مۆڵەتی لێ وەردەگرینەوە".
 
لە وەرزی یەکەمی خوێندنی 2023-2024 لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان، دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی خوێندکاراندا نەکرایەوە، ئاریان ئەحمەد دەڵێت؛ "ئەو بایکۆتە سەنتەرە حکومییەکانی ئۆتیزمیشی گرتبوویەوە و بەهۆیەوە گوشارێکی زۆر لەسەر ئەو دایک و باوکانە دروستبووبوو کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بەڵام بەر لە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، بە هەوڵی وەزارەتەکەمان دەوام لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم ئاسایی بوویەوە".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی سێ هەزار و 300 تووشبووی ئۆتیزم تۆمارکراون، ئاریان ئەحمەد دەڵێت: "تا دێت ئاماری تووشبووانی ئۆتیزم روو لە هەڵکشان دەکات" و دەشڵێت، "پێشتر تەنیا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک سەنتەری ئۆتیزم هەبوو، بەڵام ئێستا لە رانیە، هەڵەبجە و کۆیەش سەنتەری ئۆتیزم کراونەتەوە و بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان، نیازمان هەیە لە هەموو ئەو شوێنانەی پێویست بە دامەزراندنی سەنتەری ئۆتیزم بکات، سەنتەری نوێ بکەینەوە".
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 6-5-2024

د. عادل باخەوان: نێچیرڤان بارزانی لە ئێران کێشەکانی هەولێر و بەغدای لە سەرچاوەوە چارەسەرکرد

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق دەڵێت سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەستکەوتی زۆری بۆ خەڵک تێدایە و داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵک بەدیدەهێنێت، گوتیشی 'سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، کێشەکانی هەولێر و بەغدای لە سەرچاوەوە چارەسەر کرد.'