کورد و تورکمان ناهێڵن قایمقامی نوێی داقوق دەستبەکارببێت

24-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی مانگێک دەبێت پۆستی قایمقامی قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکووک کێشەی خستووەتە نێو پێکهاتەکانی قەزا و پارێزگاکەش، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە قەزاکە وەڵامی نووسراوێکی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت دەداتەوە، کە گوتبووی رێژەی عەرەب 70٪ـی دانیشتووانی قەزاکە پێکدەهێنن، بەڵام ئەو دەڵێت، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 17٪ی دانیشتووانی داقوق لە نەتەوەی عەرەبن.
 
رۆژی هەینی 24-2-2023، ئیدریس عادل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 18ی یەکێتی لە قەزای داقوق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پشکی قایمقامی داقوق بەهەموو پێوەرەکان مافی کوردە، ئێمە داوای هاوسەنگی و هاوبەشیی پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووک دەکەین، ئێستا ئەمە لە بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووک نییە." 
 
بەگوتەی ئیدریس عادل، بێجگە لە کورد، تورکمانەکانی داقوقیش دژی ئەو کارەی پارێزگاری کەرکووکن.
 
ئیدریس عادل گوتی: "وەکو نوێنەرانیی کورد و تورکمانی شاری داقوق سەردانی پارێزگای کەرکووکمان کرد و لەگەڵ راکان جبووری کۆبووینەوە، چوار نوێنەری کورد و چوار نوێنەری تورکمان بووین، پێمگوت کە لە چوار قەزا هیچ قایمقامێکیان کورد نییە، ئەوە ناکرێت."
 
بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، بەپێی ئەو ئامارانەی لە دەزگا فەرمییەکانی عێراق وەریگرتووە، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتووانی قەزای داقوق 76 هەزار و 417 کەس بوو، کورد نزیکەی 41٪ و تورکمان نزیکەی 41٪ و عەرەبیش نزیکەی 17٪ی دانیشتووانی قەزاکە پێکدەهێنن.
 
بەڵگەی دیکەش دێنێتەوە کە "عەرەب لە شارۆچکەکە کەمینەن" و دەڵێت: "بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی 2021دا، ژمارەی دەنگدەرانی داقوق 43 هەزار و 496 دەنگدەر بوون، لەو ژمارە 18 هەزار و 875 کەس دەنگیان داوە، کە 8193 کورد و 8154 تورکمان بوون، هەرچی ئەو عەرەبانەیە کە دەنگیان داوە 2481 کەس بوون."
 
رۆژی پێنجی مانگی شوباتی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق عەبدولستار عەلی کە لە نەتەوەی عەرەبە بە قایمقامی نوێی داقوق دیاریکرد، دواتر لەلایەن راكان سەعید، پارێزگاری كەركووك بەوەكالەتەوە دەستبەكاربوونی بۆ کرا.
 
دیاریکردنی ئەو قایمقامە نوێیە دوای خانەنشینبوونی لویس ئەفەندی، قایمقامی پێشوو هات بەهۆی تەمەنەوە، بەڵام هێشتا ئەو شارە بێ قایمقامە، چونکە کورد و تورکمان نەیانهێشت عەبدولستار عەلی دەستبەکار ببێت.
 
وەسفی عاسی و ساهرە غەریب و مونا سەبیل، پەرلەمانتارانی پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کێشەکانی قەزاکەوە رایانگەیاند: "سازش لە پرسەکان و بەرکەوتەکان ناکەینەوە کە پەیوەندیدارن بە پرسە چارەنووسسازەکانەوە. هاوکات جەخت لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە شاری کەرکووک دەکەینەوە."
 
دەستەی رای عەرەبیش کە لایەنێکی عەرەبییە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو پرسەوە هۆشداریی لە روودانی کێشە دەدەن بەهۆی رەتکردنەوەی بەربژێری عەرەب و دەڵێت: "پاراستنی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە قەزای داقوق بەرپرسیارێتی هەموو خەڵکی داقوقە بە سەرجەم پێکهاتەکانییانەوە، دەستوەردانی هەندێک لایەنی سیاسیی و هەوڵی دروستکردنی کێشە کارێکی نابەرپرسانەیە و هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات و سەرەتایەکە بۆ ئاشووبێک لە ئایندەدا کۆنتڕۆڵ ناکرێت."
 
ئیدریس عادل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە داقووق لە نامەیەکدا کە بۆ راکان جبووری ناردووە دەڵێت: "بەڕێزتان نووسراوێكتان بە ژمارە 600 لە رۆژی 14-2-2023 بۆ ئەندامانی كەركووكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناردووە سەبارەت بە كێشەی قایمقامیەتی داقوق، ئاماژەتان بەوە كردووە رێژەی 70٪ـی دانشتووانی قەزای داقوق لە نەتەوەی عەرەبن، من نازانم جەنابت پشتت بە چی ئامار و داتایەک بەستووە لە كام كات و لە چی سەردەمێكدا رێژەی نەتەوەی عەرەب لە داقوق 70٪ بوون؟، نەتەوەی كورد و توركمانیش 30٪ بوون؟"
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماری گوندەکانی قەزاکەی بە دوور و درێژی بۆ راکان جبووری ناردووە و دەڵێت، لە ئامارەی ساڵی 1957، عەرەبەکانی داقوق 100٪ گوندنشین بوون و ژمارەی گوندەکانی داقوقیش ئەو سەردەمە 78 گوند بوون. 
 
رۆژی 9ـی شوبات، هەشت پەرلەمانتاری کورد و تورکمان و کریستیان لە نووسراوێکدا کە لە رێگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ محەممەد شیاع سوودانییان ناردووە، داوایان کردووە کۆتایی بە راسپاردنی قایمقامی نوێی داقوق بهێنرێت تاوەکو ئەو کاتەی پێکهاتەکان لەسەر کەسێک رێکدەکەون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.