یەکێتیی مامۆستایان: پێدانی ئۆتۆمبێل بەقیست دەستیپێکرد و ئۆفەری دیکەش بەڕێوەیە

24-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، لە هەفتەی رابردووەوە دەستکراوە بە پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوازی قیست بە مامۆستایان. دەشڵێت، سێ مانگی دیکە لەگەڵ کۆمپانیاکە کۆدەبنەوە و ئەگەری زۆرە ئۆتۆمبێلی دیکەش بۆ ئەو پێنج ئۆتۆمبێلە زیادبکرێت کە ئێستا بەردەستن.
 
رۆژی هەینی 23-2-2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بەشێوازی قیست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە لە هەفتەی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشێوەی تێست دەستمانپێکرد و ژمارەیەک مامۆستا ئۆتۆمبێلیان وەرگرت. ئەمە سەرەتایەکی باشە."
 
ئێستا پڕۆژەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ مامۆستایان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەردەستە. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش بەردەست دەبێت. 
 
لەبارەی وردەکاریی رێککەوتننەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای باجگر کە ئۆتۆمبێلی جۆری جێلی بە قیست دەدات و وەکو قۆناخی یەکەمی گرێبەستەکە پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری بەرز دەدات، ئەحمەد گەرمیانی گوتی: "پێشەکیی گرێبەستەکە بەپێی رێککەوتنە، چەند زیاتر بێت، قیستەکان کەمتر دەبن، بەڵام پێشەکیمان لە هەزار دۆلار، دوو هەزار دۆلار و سێ هەزار دۆلار و زیاتریش هەیە، مامۆستاش هەیە پێشەکی تەنیا 400 دۆلاری داوە. نرخی ئۆتۆمبێلەکانیش بەپێی رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو لەنێوان 1000 بۆ 1200 دۆلار لە نرخی بازاڕ کەمتر دەبێت، ئەوەش خەسڵەتێکی دیکەی باشی گرێبەستەکەیە." 

 

 
مەرجەکانی کۆمپانیاکەش بۆ پێدانی ئۆتۆمبێلەکان، وەک سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان باسی دەکات، بریتین لەوەی داواکار مامۆستا بێت و مووچەی لە ملیۆنێک دینار زیاتر بێت، دوو کەفیلی هەبێت، ئەندامی یەکێتیی مامۆستایان بێت، لە رێگەی ئەوانەوە داواکاریی پێشکێش دەکات و ئەوانیش پشتگیرییەکی دەدەنێ. 
 
سەبارەت بە جۆری ئۆتۆمبێلەکان و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای دیکە لە داهاتوودا، سەرۆکی  یەکێتیی مامۆستایان گوتی، "لە سێ مانگی داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیاکە کۆدەبینەوە و هەوڵدەدەین جۆری ئۆتۆمبێلی دیکەش بۆ مامۆستایان دابینبکەین، دوای ئەوەش ئێمە دەرگامان بۆ کۆمپانیاکانی دیکەش کراوەیە و هەر کۆمپانیایەک بیەوێت گرێبەست و رێککەوتنی لەگەڵ دەکەین."
 
باسی لەوەشکرد، سەردانی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقیان کردووە و داوایانکردووە کە مامۆستایان لە دوو ئۆفەر بەشداربن و بیانگرێتەوە، یەکەمیان ئەوەیە دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندی بۆ مامۆستایان تەرخانبکرێت بەمەبەستی پێدانی قیستی شوقە، خانوو و ئۆتۆمبێل. گوتیشی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی لقی هەولێر بەڵێنی پێداون کە بابەتەکە لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانک بخاتەڕوو.
 
ئەحمەد گەرمیانی ئاشکراشیکرد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکەکە لیستی ناوی ژمارەیەک بانکیشی پێدان کە دەیانەوێت لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەر مامەڵە بکەن، بۆیە لە داهاتوودا سەردانیان دەکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ئۆفەر بۆ مامۆستایان دابینبکەن. 
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 130 هەزار مامۆستای هەمیشەیی، 30 هەزار فەرمانبەر و زیاتر لە 22 هەزار وانەبێژ هەن، بەشێکی مامۆستایان ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

داخستنی رێگەی سلێمانی - هەولێر لەلایەن دانیشتووانی گوندی گۆپتەپەوە. وێنە: رووداو

بەهۆی خراپیی کارەبای نیشتمانی دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە شەش کاژێر رێگەی سلێمانی - هەولێریان داخست

دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە شەش کاژێر رێگەی سەرەکیی سلێمانی - هەولێریان لە ناحیەی ئاخجەلەر بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگردا داخست. کەمی و ناڕێکی لە کاژێرەکانی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی هۆکاری ناڕەزایەتییەکەیانە