ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: لەدژی تۆمەتبارکردنی یاسین خزر لە دادگەی لەندەن سکاڵامان کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، سکاڵایان لە دادگەی لەندەن تۆمارکردووە لەبارەی تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارێکیان بە هێرشکردنە سەر هاونیشتمانییەک و چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادگە دەکەن.
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە لەکاتی سەردانی بۆ لەندەن لە چوارچێوەی شاندێکی پەرلەمانی کوردستاندا، گەنجێکی کورد هێلکە دەگرێتە یاسین خزر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان؛ دوای رووداوەکەش لە تۆمارێکی دەنگیدا ئیسماعیل سیان، ئەو گەنجەی کە هێلکەی گرتە پەرلەمانتارەکە باسی لەوەکرد کە لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندراوە و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی دراوە و بە چەند کەسێک بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارەکە لێیانداوە و بە چەقۆ برینداریان کردووە.
 
لەوبارەیەوە فوئاد جەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی ئەنجوومەنی بزووتنەوەکە لە بەریتانیا رۆژە هەینی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، تۆمەتبارکردنی ئەو پەرلەمانتارەیان بە رفاندن و هێرشکردنە سەر گەنجێک لە بەریتانیا دوورە لە راستییەوە و ئامانج لێی لەکەدارکردنی بزووتنەوەکەیانە.
 
فوئاد جەمال گوتیشی: "یاسین خزر بە سەردانی فەرمی و لە چوارچێوەی شاندی پەرلەمانی کوردستاندا سەردانی بەریتانیای کردووە و لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەشدا لە دادگەی لەندەن سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە و چاوەڕوانی لێکۆڵینەوە و بڕیارەکانی دادگەین".
 
دوای هێرشکردنە سەری، یاسین خزر گوتی: "خەڵکی خۆمان بەردمان تێبگرن یان هێلکەمان تێبگرن، دەستیان ماچ دەکەین". بەڵام دواتر ئەنجوومەنی چالاکییەکانی کوردانی بەریتانیا بڵاویکردەوە، شەوی 22-2-2023 ئیسماعیل سیان، ئەو گەنجەی هێلکەی گرتە یاسین خزر لە لەندەن لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندراوە و داوای لێکراوە لە لایڤێکدا داوای لێبوردن لەو پەرلەمانتارە بکات، بەڵام رەتیکردووەتەوە و دواتر بە چەقۆ بریندارکراوە. 
 
ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە بەریتانیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و پابەندی بڕیاری دادگە دەبن کە دوای لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌که‌ دەیدات.