وەزارەتی ئەوقاف: کاتی بانگدان لە هەرێمی کوردستان رێکدەخرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیژنەیەکیان بە بەشداریی شارەزایان لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکهێناوە کە کاتی بانگدان رێکدەخاتەوە، بەجۆرێک لە هەموو شارێک مزگەوتەکان لە یەک کاتدا بانگ دەدەن.

رۆژی هەینی، 24ـی شوباتی 2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەیەکەدا بە بەشداریی وەزیری ئەوقاف، لیژنەیەکی باڵا بۆ رێکخستنەوەی کاتی بانگدان لە هەرێمی کوردستان پێکهێندرا. لیژنەکە دەستبەکاربووە و ئەنجامی کارەکەی بە راپۆرتێک دەداتە وەزارەت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، زۆر جار لە مزگەوتی شارێکدا بانگ دەدرێت و دوای چەند خولەکێک لە هەمان شار مزگەوتێکی دیکە بانگ دەدات و رایگەیاند، ئامانجیانە ئەوە نەمێنێت. گوتیشی: "رێکخستنەوەی کاتی بانگ چوار پارێزگاکە و چوار ئیدارە سەربەخۆکە دەگرێتەوە و بەگوێرەی شەرع و بەشداریی پسپۆڕان کاتەکە دیاری دەکرێت". 
 
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 800 مزگەوت هەن و لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە سەرپەرشتیی دەکرێن و رێنوێنییان پێدەدرێت.