763 رووفاتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێرانن

24-02-2022
سیروان عەباس
نیشانەکردن هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەدان رووفاتی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێران ماونەتەوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو رووفاتانە دابنێت.
 
شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی پەرلەمانی کورستان رایگەیاند، نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجەی کردووە و گفتوگۆمان کرد بۆ ئامادەکاری بکەین تاوەکو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسە بکەین بۆ هێنانەوەی 763 رووفاتی شەهیدانی هەڵەبجە .
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت:"هیچ پلانێک بۆ هێنانەوەی ئەو رووفاتانە نییە، بەڵام ئێمە داوامان لە حکومەت کردووە، ئەگەر رووفاتەکانیش ناهێننەوە، با گۆڕستانەکە نۆژەن بکەنەوە".
 
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو رووفاتانە، هیچ داوایەکی فەرمی لە پەرلەمانەوە بە ئێمە نەگەیشتووە و گوتیشی "با پەرلەمان گەنگەشەی بابەتە بکەن و دواتر داوا لە حکومەت بکەن، ئێمەش پلانی خۆمان دادەڕێژین".
 
لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لە ساڵی 1988 لەلایەن حکومەتی بەعسی عێراقەوە، دەیان هەزار هاونیشتمانیی سنووری هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون، بەشێک لەوانە بە برینداری گەیێندرانە ئەو وڵاتە و لەوێ گیانیان لەدەستدا و هەر لەوێش بەخاکسپێدردران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە