دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داخران

 
رووداو - هەولێر

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داخران.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لە کاژێر 04:00ـی دوای نیوەڕۆ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت. 

بەپێی بڕیارەکە، داخستنەکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریش دەگرێتەوە. 

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی داخستنەکە دیاری نەکراوە و سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

هاوکات بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی سێشەممە 2020-2-25 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و بەشێک لە کۆبوونەوەکە تایبەتدەکرێت بە پلان و هەنگاو و رێکارەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، ئەو رێکارانە تەنها بۆ خۆپارێزی و پێشگیرییە لە ڤایرۆسەکە، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.