سەرۆکایەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان: هه‌نگاوەکانی عه‌للاوی بۆ زۆر لايه‌ن و پێكهاته‌كان جێگه‌ى دڵنيايى نين

24-02-2020
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی کوردستان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان و شاندى دانوستانكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتووى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق کۆبوونەوەیەک لە هەولێر بەڕێوەچوو. 
 
كۆبوونه‌وه‌كه‌ تايبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان و محه‌مه‌د عه‌للاوى، راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوو.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دواى گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌نجامى سه‌ردانى شانده‌كه‌، له‌ روانگه‌ى په‌رۆشى بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و به‌شدارييه‌كى كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ گه‌يشته‌ پێنج دەرئەنجام.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
 
ڕاگه‌يه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركردايه‌تيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان
 
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/2/2020 به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركرده‌ى لايه‌نه‌ سياسييه سه‌ره‌كييه‌كان، به‌ به‌شداريى شاندى دانوستانكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فيدرالى عێراق، كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام درا. 
 
كۆبوونه‌وه‌كه‌ تايبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان و به‌ڕێز محه‌مه‌د عه‌للاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتوو.
 
دواى گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌نجامى سه‌ردانى شانده‌كه‌، له‌ ڕوانگه‌ى په‌رۆشى بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و به‌شدارييه‌كى كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ گه‌يشته‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ى خواره‌وه‌:
 
1- كار بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تێك ده‌كه‌ين كه‌ تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بۆ عێراق و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت.
 
2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لايه‌ن به‌ڕێز عه‌ڵلاوييه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌يدا بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ حكوومه‌تى ئاينده‌ داخوازيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، بهێنێته‌ دى.
 
3- داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌رن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى فيدرالى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى نيشتمانى و هاوسه‌نگى و سازان.
 
4- ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دياتى گه‌وره‌ى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسيدارى مێژووييدا تێده‌په‌ڕێت، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنيشن و بگه‌نه‌ بڕيارێكى يه‌كگرتووى نيشتمانى.
 
5- له‌پێناو هێنادى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌ى عێراق، له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە