رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە، پێیوایە قوتابیان بە بەردەوامیدانی بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن مامۆستایانەوە زەرەرمەند دەبن و پێشیوایە: "هەندێکجار گوشار لەسەر ئەو کەسانە هەیە بۆ ئەوەی دەوام نەکەن".
بورهان ئەرگوشی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (هۆت لاین) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی بڕیارەکانی حکومەت و بایکۆتی مامۆستایان رایگەیاند " لە کۆبوونەوەی حکومەت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، سەرجەم مامۆستایان بە بیروبۆچوونی جیاوازەوە، بە رازی و ناڕازییەوە هەموویان لە نزیکەوە بینراون و بە تێروتەسەلی گفتوگۆی بابەتەکان کراوە".
بورهان ئەرگوشی، دەڵێت "داواکاریی سەرەکی مامۆستایان دابینکردنی مووچەیە وەکو جاران لەکاتی خۆیدا، بەڵام ئەو داوایە لەو قۆناخەدا زۆر ئاسان نییە بۆ حكومەتی هەرێمی کوردستان، نەک بۆ مامۆستایان بۆ هەموو فەرمانبەران".
لەسەر بەردەوامی بایکۆتکردن لەلایەن مامۆستایانەوە، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوە دەدات "رەنگە خەڵکانێک هەبن، بەهیچ شتێک رازی نەبن، خەڵکێک لەکاتی دابەشکردنی مووچە بە بەردەوامی و بەباشی وەکو پێویست پابەندنی دەوام نەبووبێت، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایان پابەندن و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کارەکانی خۆیان دەکەن و بایکۆتیش شکاوە".
هەر لە بارەی بایکۆتکردنەوە، بورهان ئەرگوشی دەڵێت "کەسانێک کە پابەندی دەوامکردن نابن و بایکۆت ناشکێنن، رەنگە زۆر هۆکار هەبن، ئومێد دەکەین و زۆریش گەشبینین لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سەرتاسەری کوردستان دەوامی قوتابخانەکان ئاسایی ببێتەوە، چونکە زەرەرمەندی یەکەم لەو نێوەندەدا بەفیڕۆچوونی ساڵێکی خوێندنی قوتابیانە".
بورهان ئەرگوشی، پێیوایە "سیاسەت بەدەر نییە لە بایکۆتکردن" و دەڵێت "کەسانێک هەن نان نییە بیخۆن، ئەوان پابەندترن لە دەوامکردن، بۆ نموونە لە سلێمانییەوە کۆمەڵێک مامۆستا هاتبوون پرسیاری ئەوەمان لێکردن بۆ دەوام ناکەن؟ گوتیان بایکۆتە، کەچی لە هوتێل دابەزیون و لە چێشتخانە نان دەخۆن، بەڵام ئەو مامۆستایەی ناتوانێت ئەمە بکات، دەوامی خۆی دەکات".
بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە، پێشیوایە "هەندێکجار گوشارێک لەسەر ئەو کەسانە هەیە بۆ ئەوەی دەوام نەکەن" و دەپرسێت "بۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووک و بەشێکی زۆر سلێمانی دەوام هەیە، کەچی لە بەشێکی سلێمانی دەوام نییە؟".
بورهان ئەرگوشی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە، هۆکاری دەوام نەکردنی ئەو بەشەی سلێمان گەڕاندەوە بۆ ئەو هاوکێشە سیاسیانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و دەڵێت "هاوکێشە سیاسییەکان لەم هەرێمەدا روونن، کە کێن ئەوانەی لێناگەڕێن دەوام بکرێت و کێن ئەوانەی هەوڵدەدەن دامودەزگاکان تێکبدرێن".
سێ هەفتە لەمەوبەر لەپێناو پێنەدانی موچەكانیان، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، دواتریش پەیڕەوکردنی سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایانی زیادكرد و بەشێک لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەرگای قوتابخانەکانیان داخست و بایکۆتی خوێندنیان کرد.
دوای سازدانی چەن کۆبوونەوەیەک لەنێوان حکومەت و وەزارەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایاندا بکاتەوە.
لە دوایەمین کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، بڕیاردرا نیو مووچە ماوەکەی مانگی 9ـی ساڵی 2015ـی مامۆستایان بدرێت، هاوکات بڕیاردرا ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی و یەکێتی مامۆستایان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی نیشتە جێبوون بۆ مامۆستایان ئامادە بکرێت یاخود زەوییان پێبدرێت.
بەڵام هێشتا بەشێک لە مامۆستایان بەردەوامن لە بایكۆتی دەوامی قوتابخانەكان و دەرگای قوتابخانەكانیان بەڕووی خوێندكاراندا داخستووە تا ئەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەم داواكارییەكانیانەوە دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ