بەهۆی شەڕی پەکەکە و پاسەوانانی سنوور لە زاخۆ دوو پاسەوان گیانیان لەدەستدا

24-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەی ئەو دوو پاسەوانەی سنوور کە بەهۆی شەڕ لەگەڵ پەکەکە لە زاخۆ گیانیان لەدەستدا
وێنەی ئەو دوو پاسەوانەی سنوور کە بەهۆی شەڕ لەگەڵ پەکەکە لە زاخۆ گیانیان لەدەستدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، بەهۆی شەڕێکەوە لەگەڵ پەکەکە لە سنووری ئیدارەی زاخۆ دوو سەربازیان گیانیان لەدەستداوە. پەکەکەش تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر شەڕەکە بڵاونەکردووەتەوە. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 24-01-2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرووپێکی سەربازانمان لە گەڕاندابوون لە سنوور، لەو شوێنە پەکەکەی لێبووە و تەقەیان لێکردوون، دواتر پێکدادان دروستبووە و لە ئەنجامدا دوو سەربازمان کوژراون و یەکێکیش بریندارە".
 
رووداوەکە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێوان گوندەکانی سۆریا و شیلان بووە لە سنووری زاخۆ. بەرپرسەکەی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنەی شەڕەکەی تێدا دروستبووە بنکەی پاسەوانی سنووریی لێ نییە و ئەو سەربازانەیان لە گەڕانێکی ئاساییدا بوون.
 
هەر لەوبارەیەوە غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە رایگەیاند، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ناویان عەلی رەمەزان ئیسماعیل، دانیشتووی قەزای سێمێلە و ئەوی دیکەش ناوی مێهڤان ناجی میرشەرەفە و دانیشتووی سنووری پارێزگای دهۆکە. ئەوەشی بریندار بووە ناوی بێوار جەلیل ئیبراهیمە لە فریاکەوتنی زاخۆ چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستیی جێگیرە.
 
رووداو وێنەی ئەو دوو پاسەوانەی دەستکەوتووە کە هەردووکیان کوردن و دانیشتووی دهۆکن؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، عەلی رەمەزان خەڵکی کۆمەڵگەی مسیریکێ یە لە قەزای سێمێل و تەمەنی 38 ساڵە و خاوەنی 7 منداڵە. مێهڤان ناجی تەمەنی 41 ساڵە و خەڵکی سەنتەری شاری دهۆکە. 
 
ئەفسەرێکی دیکەی پاسەوانی سنووری عێراق بە پەیامنێری رووداوی گوت: "ئەو شوێنە ناوچەی سنوورییە و چەندین بنکەی ئێمەی لێیە. بەرامبەرمان چەند بنکەیەکی سوپای تورکیا هەن؛ شەوی رابردوو سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر پەکەکە و ژمارەیەک کوژراویان هەبوو، ئەمڕۆ پەکەکە ئەو هێرشەی دژی ئێمە کردووە، کە نازانین هۆکارەکەی چییە، چونکە هیچ کاتێک شەڕ لەنێوانمان نەبووە".
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە و میدیاکانی نزیک لەوان، هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر شەڕەکە نەداوە.
 
پاسەوانی سنووری عێراق- ناوچەی یەک، ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە حکومەتی عێراقن، بەڵام سەربازەکانی ئەو هێزە لەو ناوچەیە خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە لیبیا 42 کۆچبەری کورد دەستگیر دەکرێن؛ زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن

ماوەی شەش رۆژە 42 گەنجی کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، لە کەناراوەکانی لیبیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە