پیشەیەک بۆ کۆچ؛ چۆن سەرتاشی لە رانیە بووەتە پردی پەڕینەوە بۆ ئەورووپا؟

25-01-2025
ئەبوبەکر ئیسماعیل
سەرتاشخانەیەک لە رانیە.
سەرتاشخانەیەک لە رانیە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، سەرتاشخانەیەکی بچووکە لە رانیە. لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا 7 گەنج دوای فێربوونی سەرتاشی لەو دووكانە كۆچیان بۆ ئەورووپا كردووە.
 
ئاسان دەستکەوتنی هەلی کار لە سەرتاشخانەکانی ئەورووپا وایکردووە، خۆفێرکردنی سەرتاشی لەلایەن گەنجانی پەناخواز لە راپەڕین ببێتە دیاردە.
 
داریان دلێر لە بیستەکانی تەمەنیەتی. یەکێک لەو گەنجانەیە بڕیاریداوە بەهاری ئەم ساڵ کۆچ بکات.
 
داریان دەڵێت: ''ئەو ئیشەی لێرە دەیکەم دەتوانی پێی بژی، بەڵام ناتوانی داهاتووەک بۆخۆت دروست بکەیت. تەماشا دەکەی برادەرێکت لێرە خۆی فێرکردووە، ساڵێک بۆ دوو ساڵ لەوێ ئیش دەکات، داهاتووەکی بۆخۆی بونیادناوە، ناچاری تۆش بڕۆی.''
 
بەردەوامیی كۆچی گەنجان و فێڵ و فورتی قاچاخچییەكان حكومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هێناوەتە دەنگ. لە نوێترین هەوڵیاندا وڵاتی هۆڵەندا بەهاوئاهەنگیی زانكۆی راپەرین لە رێگەی پاڵپشتیكردنی پرۆژەی بچووک و رەخساندنی هەلی كار سەرقاڵی كەمكردنەوەی دیاردەی كۆچن.
 
ئادریان یسڵسن، کۆنسووڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کودستان دەڵێت: "وەک ئاشکرایە، پێموایە گرنگە کە ئەگەر یارمەتیی کۆمەڵگەکەی خۆت بدەیت، یارمەتیی تەواوی ناوچەکە دەدەیت. پێموایە ئەمە بۆ سەقامگیرییەکی درێژخایەن زۆر گرنگە. ئێمە وەکو هۆڵەندا لێرە بەرژەوەندیمان لە سەقامگیری و بازرگانیدایە. ئێمە هەروەها دەمانەوێت وەبەرهێنان لە کشتوکاڵدا بکەین و هیوامان بەوەیە. زۆر سوپاس."
 
هەرچەند گەنج قوربانیانی سەرەکیی رێی کۆچن، بەڵام تەنیا ساڵی رابردوو لە راپەڕین، 11 ئەندامی 4 خێزان بە تەواوەتی بوونە قوربانی ئەم رێیە.
 
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت: ''بە دەیان پەیوەندیمان پێوەدەکرێت، خەڵکانێک دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ داهاتێکی مادییان نەماوە ناتوانن بێنەوە، چاویان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە هاوکاریان بکەن، ساڵانی رابردوو پارە بەو پەبابەرانە دەدرا کە دەگەڕانەوە وڵاتی خۆیان ئێستا ئەو پارەیە زۆر کەمە، خەڵکێکی زۆر پەشیمانە، ئەورووپا ئەو بەهەشتە نەبووە بۆی چووە.''
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، پار 8 هەزار هاونیشتیمانی بە رێگەی نایاسایی کۆچیان کردووە. لەو ژمارەیە دوو هەزار و500 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوون. هەر بەپێی ئامارەکان، 46 هاونیشتمانی لە رێگەی گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە، 16یان خەڵکی راپەڕین بوون. 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە سلێمانی 100 حوکمدراوی مادەی هۆشبەر شیاندنەوەیان بۆ کراوە.

زۆرترین ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی شیاندنەوەیان بۆ کراوە، پاشان دهۆک و هەولێر

لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا سەنتەری تایبەت بە شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کراونەتەوە؛ زۆرترین بەکارهێنەر لە سلێمانی شیاندنەوەیان بۆ کراوە، دواتر دهۆک و پاشان هەولێر.