ساڵێکە بوومەلەرزە لە شاری خۆی داوە؛ هێشتا بەشێکی زیانبەرکەوتووان لە خێوەتدا دەژین

24-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بوومەلەرزە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی ساڵێک بەسەر بوومەلەرزەی باکووری پارێزگەی ورمێدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەڵێنی بەرپرسان بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان هێشتا جێبەجێ نەکراوە، بەشێک لە خەڵک دوو زستانە لەنێو خێوەتدا دەژین.
 
لە بوومەلەرزەکانی ساڵی پاری باکووری پارێزگەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکەی 30 هەزار خانوو زیانیان بەرکەوت و بە سەرنجدان بە سەرمای زۆری ئەو ناوچانە، بەرپرسان دەیانگوت تاوەکو پێش گەڕانەوەی سەرما هەموو خانووەکان نۆژەن دەکرێنەوە.
 
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، بەشێک لە زیانبەرکەوتووانی شاری خۆی و تەنانەت گوندەکانی دەوروبەری، کە زۆربەشیان کرێچی بوون و لە بوومەلەرزەدا خانووەکانیان رووخاوە، لە خێوەت و ژووری پلاستیکیدا دەژین.
 
جەعفەر بەرزگەر، بەڕێوەبەری دامەزراوەی بیناسازیی پارێزگەی ورمێ دەڵێ: 150 خانوو لە شاری خۆی هێشتا دەستیان لێ نەدراوە.
 
بەگوتەی جەعفەر بەرزگەر، لە کۆی سێ هەزار و 220 خانوو کە زیانیان بەرکەوتبوو، سێ هەزار خانوو تاوەکو بنمیچیان چاک کراوەتەوە، دوو هەزار و 400 خانووش کاریان تەواو بووە و رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە.
 
محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ، رۆژی 24-11-2023 گوتی: تاوەکو 45 رۆژی دیکە نۆژەنکردنەوەی خانووە رووخاوەکانی باکووری پارێزگەی ورمێ تەواو دەبێت.
 
محەممەد سادق موعتەمدیان ئەو کات گوتی: هەموو ئەو خانووانەی زیانێکی کەمیان بەرکەوتبوو، نۆژەن کراونەتەوە، سێ هەزار و 220 خانوو کە 80٪ زیانیان بەرکەوتبوو، رووخێنراون و هەزار و 700 خانوویان دروستکراونەتەوە.
 
ساڵی رابردوو، سێ بوومەلەرزە ناوچەی خۆی ـان لە باکووری پارێزگەی ورمێ هەژاند، گوڕی ئەو بوومەلەرزانە زیاتر لە پێنج پلەی ریختەر بوو، جگە لە زیانە مادییەکان نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس بریندار بوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
 
بوومەلەرزەکە لە ناوچەیەکی زۆر سارد و لە ساردترین کاتەکانی ساڵدا روویدا، بەرپرسان بەڵێنیاندا پێش ئەوەی وەرزی نوێی سەرما بێت، خانووە رووخاوەکان چاک بکەنەوە. 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە