خوێندکارێکی سوودانی لە دیلۆک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ
 
هاووڵاتییەکی سوودانی کە خوێندکاری زانکۆ بوو، لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان لەلایەن هاووڵاتییەکی دیکەی سوودانییەوە بە چەقۆ لێیدرا و کوژرا.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 23-1-2024 لە گەڕەکی یەدیتەپەی پارێزگای دیلۆک روویدا. بە گوتەی شایەتحاڵان، ئاتتا ئاڵمانان کە خوێندکاری زانکۆی گازی بووە لە دیلۆک، هاوکات لە کافێیەکدا کاری کردووە، چووەتە لای ئەبوبەکر ئالتاهیر کە ئەویش هاووڵاتیی سوودانە و خاوەنی کافێیەکەیە. ئاڵمانان گوتوویەتی کە مووچەی شایستەی پێ نەدراوە، بەڵام ئالتاهیر نکۆڵی لەمە کردووە. 
 
دەمەقاڵێ لە نێوانیان دروستدەبێت و لە ئاکامدا ئەبوبەکر ئالتاهیر بە چەقۆ لە ئاتتا ئاڵمانان دەدات. ئاڵمانان سەرەڕای هەوڵی تیمی فریاگوزاری، دواجار گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ دادپزیشکیی دیلۆک. دوو کاژێر دوای رووداوەکە خاوەنی کافێ؛ ئەبوبەکر ئالتاهیر لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی ئوموت لە شوباتی 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 3 هەزار و 368 شەڕ کراون کە تێیاندا چەک و ئامرازی دیکە بەکارهێنراون.