عەدنان درجال "دڵخۆشی" بە پێشوازی نێچیرڤان بارزانی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەردەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد و پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداوی لێیان کرد.
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق نازناوی جامی کەنداو 25ی بۆ جاری چوارەم لە مێژووی خۆیدا بردەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 24-01-2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لێکردن.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکیشدا بۆ یاریزانانی عێراق رایگەیاند: ئەم سەرکەوتنە بۆ عێراق و عێراقییەکان گرنگ بوو، چونکە هەموو عێراقییەکانی لە دەوری سەرکەوتنەکەدا کۆکردەوە، پەیامێکیشی گەیاندە جیهان کە عێراق گەڕایەوە و هەستایەوە سەر پێ.
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە رووداوی گوت: "لە راستیدا ئەمڕۆ ئێمە دڵخۆشین بەو پێشوازی و میواندارییەی سەرۆک کاک نێچیرڤان، سوپاسی ئەو پاڵپشتی و پێشکێشکردنی خۆشیەی بەرامبەر یاریزانانمان دەکەین کە دەستکەوتێکی گەورەیان لە دوای چاوەڕوانییەکی زۆر کە 30 ساڵ بوو بەدەستهێنا، یاریزانەکانمان وێنەیەکی گەورەیان لەنێو یاریگەدا نمایشکرد."
ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراق دوای دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و دەڵێن: ئەم پێشوازییەی لێمان کرا زیاتر هانمان دەدات بۆ سەرکەوتنی زیاتر.
ئیبراهیم بایش، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بە رووداوی گوت: سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی، بەدڵنیاییەوە هەولێر شاری منە و هیچ جیاوازییەکی نییە لە خۆشی دەڕبرینی هەموو خەڵکی عێراق بۆ سەرکەوتنمان لە زاخۆ تاوەکو فاو.
هەڵبژاردەی عێراق چوارەمجارەم دەبێتە پاڵەوانی جامی کەنداو، دوای پێشوازییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردەکە گەڕانەوە بەغدا و ئەستێرەکان دەگەڕێنەوە ریزی یانەکانیان بۆ بەشداری لە خولی نایابی عێراق.